کوردپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پرێس کونفڕانسێکدا ئاماژەی بە تەنگەژەی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: گوتی "ئێمە پەیوەندی بە هەردوو لایەنەوە دەکەین، هەردوولا دۆستی عێراقن. پێمان وایە دۆستی عێراقن و ئەوانیش خۆیان بە دۆستی عێراق دەزانن. هەردوولایەن جەنگیان ناوێت، بەردەوام دووپات لەوە دەکەنەوە کە جەنگمان ناوێت، بەڵام ئەو دۆسیەیە ئاڵۆزە و دەکرێت بە خێرایی بەرەو هەڵدێر بڕوات. ئێمە هاوکار دەبین بۆ ئەوەی بەرەو هەڵدێر نەچێت، تەنانەت ئەگەر هەندێک شتی بچووکیش رووی دابێت، بەڵام نامەوێت ئەمە بەرەو هەڵدێری مەترسیدار بچێت".
عادل عەبدولمەهدی گوتیشی "ناوچەکە باجی گەورە دەدات، هەموو لایەنەکان باجەکەی دەدەن . عێراق باج و قوربانی دەدات، بۆیە عێراق هەوڵی چڕی خۆی دەدات، ئەوەی لە ڕووکەش دیارە شتێکی سادەو ساکارە، بەڵکو عێراق لەژێرەوە هەوڵی زۆر دەدات. تکا و داوادەکەین پێکدادان روونەدات. دۆخەکە بە خێر کۆتایی بێت و ئاماژەش لە هەردوولایەنەکەوە هەیە کە دۆخەکە بەخێر کۆتایی دێت و خواست و ویستێک هەیە بۆ ئەوەی دەرچەیێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە".
لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و هۆشدارییەکەی ئەمریکا لەو بارەوە، عادل عەبدولمەهدی گوتی "دۆخی ئەمنی عێراق سەقامگیرە ، تاوەکو ئێستا هیچ جموجۆڵێکمان بەدینەکردووە، بۆ لایەنی ئەمریکی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان روون کردووەتەوە کە وردبینی و بەدواداچوون دەکەین. لە هەموو هێزە چەکدارەکان؛ لە حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هەموو لایەنەکانیش وردبینی لەو زانیارییانە دەکەن کە لایانە، تاوەکوو ئێستا جموجۆڵێکی جدیمان تۆمارنەکردووە کە هەڕەشەی جدی بن بۆ سەر هیچ لایەنێک. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق دووپاتیدەکاتەوە ئەرکی حکومەت پاراستنی هەمووانە. نایەوێ پەلامار و دەستدرێژی بۆ سەر هیچ بوونێک و پێکهاتەیەک بکرێت هەر باڵیۆزخانە و لایەنێک لەگەڵ عێراقە و لە عێراق کاردەکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، عێراق خاکی ململانێ نییە، بەڵکوو خاکی سازانە. گوتیشی "نامەوێت لە عێراقەوە پەلاماری هیچ کەسێک بدرێت ئەم دوو بابەت و ئە دوو هاوکێشەیە بە یەکەوە گرێ دراون".
لەبارەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت ڕازی نابین عێراق ببێتە خاکێک بۆ پەلاماردانی هیچ کەسێک.
واشنتن و تاران هەردووکیان پێگە و هەژموونییان لە عێراقدا هەیە و ملمانێی نێوانیشیان زیاتر لە عێراقدا چڕ دەبێتەوە، هەر ئەوەش وای کردووە بەرپرسانی عێراقی نیگەران بن لە ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
هاوکات ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی سێشەمە 14ی ئایار لە دیداری کاربەدەستانی باڵای ئێراندا ئەگەری روودانی شەڕی بەدوور زانی، لە هەمان کاتیشدا دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەت کردەوە.
هاوکات دەنگۆی ناردنی هێز لە لایەن ئەمریکاوە لە میدیاکان بڵاو بووبوویەوە بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ناردنی 120 هەزار سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەواڵی ساختە ناوبرد.
Your Comment