پێویسته‌ سنووری چیلاتی دێلۆران بکرێته‌وه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- شادمێهر کازم‌زاده‌ داوا له‌ وه‌زیری ناوخۆی ئێران ده‌کات که‌ به‌ڵێنه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ی سنووری چیلاتی دێلۆران جێبه‌جێ بکات.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی دێلۆران، ئابدانان و ده‌ڕه‌شار له‌ په‌رله‌مانی ئێران له‌ دیمانه‌یێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ئاماژه‌ به‌ به‌ڵێنی ده‌وڵه‌ت بۆ کردنه‌وه‌ی سنووری چیلاتی دێلۆران ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ده‌وڵه‌ت چه‌ندین جار له بۆنه‌ جیاوازه‌کان وه‌ک‌ چله‌ی ماته‌مین و سه‌ردانی زیاره‌تکاران بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌کان ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ سنووری چیلاتی دێلۆران ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا هیچ هه‌نگاوێکی بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌ هه‌ڵنه‌گرتووه‌.

ناوبراو گوتیشی: ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاوڕێکی جیدی له‌م بابه‌ته‌ بداته‌وه‌ و به‌ڵێنه‌که‌ی جێبه‌جێ بکات. کردنه‌وه‌ی سنووری چیلات هیچ تێچوویێکی بۆ ده‌وڵه‌ت نییه‌ به‌عه‌کسه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ و ئابووریی وڵاتدا ده‌بێت.

کازم‌زاده‌ ئاماژه‌ به‌ نزیکیی سنووری چیلات به‌ ناوه‌ندیی عێراق ده‌کات و ده‌ڵێت: دێلۆران نزیکترین سنووره‌ به‌ ناوه‌ندیی عێراق و ئه‌گه‌ر بکرێته‌وه‌ ده‌توانێت باری ترافیکی وڵات له‌ کاتی سه‌فه‌ر بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌کان که‌م بکاته‌وه‌.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر سنووری چیلاتی دێلۆران بکرێته‌وه‌ کاتی خه‌ڵک به‌فیڕۆ ناچێت و هه‌زینه‌کانی وڵاتیش که‌م ده‌کرێته‌وه‌.

کازم‌زاده‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌گرێت و ده‌شڵێت: ده‌وڵه‌ت هه‌میشه‌ بیانوو ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ لایه‌نی عێراقی کردنه‌وه‌ی سنووره‌که‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام به‌م شێوازه‌ نییه‌.

له‌ کۆتاییدا ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ڕوونی کرده‌وه‌: چه‌ندین جار وه‌زیری ناوخۆی ئێران ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی سنووری چیلاتی دێلۆران ده‌ربڕیوه‌ و هیوادارین ئه‌م بابه‌ته‌ جێبه‌جێ بکرێت و سنووره‌که‌ بکرێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53644

Your Comment

You are replying to: .
captcha