مودیری ماڵپەڕی خەندان: قومار بە مووچەی خەڵکەوە مەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سلێمان عەبدوڵا یوونس مودیری ماڵپەڕی خەندان لە نووسراوێکدا ئاماژە بە سەردانی عەبدولمەهدی بۆ ئەنقەرە و لەبارەی کارتێکەریی سەردانەکەوە دەڵێت: ئەو سەردانە دژی قازانجە نەوتییەکانی هەرێم دەبێت مەترسیی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم دێنێتە ئاراوە.

کوردپرێس:

سلێمان عەبدوڵا یوونس مودیری ماڵپەڕی خەندان لە نووسراوێکدا هۆشداری ئەوەی داوە کە لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق و سەردانەکەی بەم زووانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بۆ تورکیا هێمایە بۆ دروستبوونی کێشە لە سەر ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو لە ماڵپەڕەکەیدا نووسیویەتی: "نوێترین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق کە وتی: جگە لەشایستەی‌ 4 مانگ بەغدا هیچ پارەیەکی‌ دیکە بۆ هەرێم نانێرێت ھەتا نەوت ڕەوانە نەکات، ناکرێت ھەروا سەرپێی بەسەر بەرپرسانی ھەرێم بەتایبەت بەسەر مەسروور بارزانی کە چاوەڕێ کراوە سەرۆکی کابینەی داھاتووی ھەرێم بێت تێپەڕ بکات."

ماڵپەڕێ خەندان کە ماڵپەڕێکی سەر بە سەرۆککۆماری عێراقە لە درێژەی نووسراوەکەی عەبدوڵڵا یۆنسدا نووسیویەتی: ئەوانەی دەڵێن ھەرێم نەوت ڕادەست بکات یان نەکات بەغدا ھەر پارە دەنێرێت لە باشترین حاڵەتدا قسەکەیان ھەر بۆ بودجەی ئەمساڵ ڕاستە، دەی باشە واخەریکە نیوەی ساڵی دارایی تێپەڕ دەکەین ئەی دوای ئەم 6 مانگە بۆ ساڵی دارایی نوێ چی؟

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی چوارشەممە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات و یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەش بابەتی گرێبەستە 50 ساڵی و قەرزەکەی ھەرێم و ئەنقەرەیە، کە ڕێگرە لەوەی ھەولێر بتوانێت نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوبابەتە تەنگی بە عێراق ھەڵچنیوە و سەرۆک وەزیران لەبەردەم دووڕێیان و بڕیارێکی قورسدایە.

بە ڕای مودیری ماڵپەڕی خەندان باشترە بەڕێوەبەرانی ھەرێم بزانن لە دوای قسەکانی وەزیری نەوت و ئەو سەردانەی عەبدولمەھدی بۆ ئەنقەرە پێشھاتی نوێ دێنە پێشەوە، کە گرنگە ھەرێم چاوی خۆی لەئاستیاندا بکاتەوە، چوونکە ھەرکەسێک لای وابێت بەغدا بەخۆڕایی و بەبێ ڕادەستی نەوتەکەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە مانگانە بێ گرفت پارە بۆ ھەرێم دەنێرێت ئەوە یان گەمژەیە یان حەرامزادەیێکی سیاسیە و چاوی بڕیوەتە ڕوخانی ھەرێم و داتەپینی پێشوەختەی کابینەی نۆیەم و قومار بە باری دارایی ھەرێم و مووچەی خەڵکەوە دەکات.

News Code 53629

Your Comment

You are replying to: .
captcha