بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش ئەوەی کە دەنیز یۆجەل، ڕۆژنامەوانی پێشووی ڕۆژنامەی دی وڵت-ی ئەڵمانیا لە تورکیا بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و بانگەشە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان دەست گیر کرا و بۆ ماوەی یەک ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا بوو و ڕایگەیاند لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە ئەشکەنجە کراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە یادداشتێکدا هۆشداری بە ئەنقەرە دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە یادداشتەکەدا داوا لە تورکیا دەکات پێبەندی ڕێککەوتننامەی ڕاگرتنی ئەشکەنجە بێت کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەرکراوە و ڕایدەگەیێنێت: تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە ئەشکەنجە و ڕەفتاری نەشیاو واژۆی لەسەر ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان کردووە. ئێمە هەر چەشنە ئەشکەنجە و ڕەفتاری نەشیاو مەحکووم دەکەین و ئەو چەشنە ڕەفتارانە نایاسایین.
شایانی باسە دەنیز یۆجەل ڕۆژنامەوانی پێشووی ڕۆژنامەی دەی وڵتی ئەڵمانیا کە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە بندیخانەی سیلیۆری ئەستەنبوڵ بەندکرابوو لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لێرەوە بۆ یەکەم جار دەیدرکێنم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسیی ژمارە نۆی زیندانی سیلیۆری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوم".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment