ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی چ کارتێکه‌رییێکی له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێم ده‌بێت؟

به‌شی جیهان- ئه‌لمانیتۆر نووسیی: مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان -که‌ پیاوێک له‌ سێبه‌ر بووه‌- بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ یارمه‌تیی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزاکه‌ی هه‌یه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 8ی ئایاری 2019 نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ڤاڵا فه‌رید یه‌که‌م ژنی سه‌رۆک په‌رله‌مان کۆ بوونه‌وه‌ و پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانیان کارا کرده‌وه‌. دوای ڕووداوه‌کانی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ساڵی 2017 مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پێشووی هه‌رێمی کوردستان وازی له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هێنا. گشتپرسییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی دژایه‌تیی توندی وڵاتانی به‌غدا، تورکیا، ئێران و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بوویه‌وه‌ و زه‌مینه‌ی بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی هێزه‌کانی عێراق دژی کورد به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌وان که‌رکووک فه‌راهه‌م کرد. له‌و کاته‌وه‌ تاکوو ئێستا، نێچیرڤان بارزانی زاوا و برازای مه‌سعوود بارزانی هاوکات پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

بۆچی ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگایه‌تی هه‌یه‌؟ کاراکردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی هه‌رێم -که‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ سێپتێمبێری 2018دا به‌ڕێوه‌ چوو- گرنگایه‌تییێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 8ی ئایاری 2019 په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری دا له‌جیاتی خه‌ڵک خۆیان سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵببژێرن.

مه‌سعوود بارزانی پێشتر به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و له‌سه‌ر ده‌نگی خه‌ڵک وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ دوای گۆڕینی یاسای سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵده‌بژێردرا. دوو حیزبی گه‌وره‌ی ڕکابه‌ریی حیزبه‌که‌ی بارزانی به‌ ناوه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆران و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌م شێوازه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها به‌ بارزانی ده‌دات هه‌ر بۆیه‌ دژی هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان بوون.

هێشتا دیار نییه‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیران (نێچیرڤان بارزانی) یان سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) میراتداری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت که‌ ماوه‌یێک له‌ ده‌ستی مه‌سعوود بارزانیدا بوو. به‌لال وه‌هاب توێژه‌ری کاروباری کورد له‌ په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی خاوه‌ری نزیک له‌باره‌ی چۆنێتیی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و دروست‌بوونی بۆشایی به‌بۆنه‌ی نه‌بوونی ده‌ستوور له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ئه‌لمانیتۆری گوت: "ده‌بێ پاش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک له‌ هه‌رێمی کوردستان پێداچوونه‌وه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێستای هه‌رێمی کوردستان یه‌ک بگرێته‌وه‌."

نێچیرڤان بارزانی یان مه‌سروور بارزانی: ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ پێشتر مه‌سعوود بارزانی مامی نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ دوو حیزبی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئیتیفاقی کردووه‌ و پۆستی دوو جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی ڕاده‌ستی ئه‌و دوو حیزبه‌ کردووه‌ هه‌ر بۆیه‌ سه‌رۆکی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت. به‌پێی بڕیاری سیسته‌می ئێستای حیزبی دیموکراتی کوردستان مه‌سروور بارزانی، کوڕی مه‌سعوود بارزانی و ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت. پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ کام یه‌ک له‌ بارزانییه‌کان سه‌رده‌که‌ون؟

نه‌وت و چه‌ک: په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری داوه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های مه‌سعوود بارزانی له‌ ده‌ستی نێچیرڤان بارزانیدا بێت. ئه‌م بڕیاره‌ش به‌و مانایه‌یه‌ که‌ فه‌رمانده‌ییی هێزی چه‌کداری هه‌رێمی کوردستان که‌ کۆڵه‌که‌ی نفووز له‌ ناوچه‌که‌ دێته‌ ئه‌ژمار له‌ ده‌ستی نێچیرڤان بارزانیدا ده‌بێت.

نه‌وت و وزه‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ئامێری ڕاکێشانی پشتیوانیی خه‌ڵک له‌و ناوچه‌یه‌دان‌. نێچیرڤان بارزانی له‌ سه‌ره‌تادا بنیاتنانی ئه‌م که‌رته‌ی ده‌ست پێکرد و چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ نه‌وتییه‌کانی جیهان له‌وان ڕووسیا واژۆ کرد. ده‌وترێت سه‌رۆکی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای مانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ پۆسته‌که‌ی -که‌ که‌سێکی نزیک له‌ ناوبراویش دێته‌ ئه‌ژمار- نفووز و کۆنتڕۆڵی خۆی له‌سه‌ر که‌رتی نه‌وت و وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان زیاتر بکاته‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌، مه‌سروور بارزانی ئامۆزای نێچیرڤان بارزانی دده‌یهه‌وێت خوێنێکی تازه‌ بکاته‌ ده‌ماره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. به‌ڵام لێره‌دا جیاوازییێکی گه‌وره‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش پاراستنی پێگه‌ی سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی ئێستای حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ده‌رچووی زانکۆی به‌ریتانیا بووه‌ و نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دزه‌یی له‌ ده‌وڵه‌تدایه‌. له‌ ناوبراو وه‌ک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نوێی هه‌رێمی کوردستان ناو ده‌به‌ن.

یه‌کێتیی نیشتیمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌وڵه‌کانیان بۆ چه‌ندین پۆستی گرنگ له‌وان وه‌زاره‌تیی داراییی هه‌رێمی کوردستان چڕ کردۆته‌وه‌. قوباد تاڵه‌بانی جێگری ئێستای سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و سه‌ر به‌ یه‌کێتیی نیشتیمانی له‌ پۆسته‌که‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ و پێناچێت کابینه‌ی نوێ پێش له‌ ته‌واوبوونی مانگی ڕه‌مه‌زان یه‌کلا بکرێته‌وه‌.

له‌ داهاتوودا چ ده‌بێت؟ مه‌سروور بارزانی وه‌ک ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان که‌ لایه‌نگرانی ده‌وریان گرتووه‌ پیاوێک له‌ سێبه‌ردایه‌. ناوبراو ده‌بێ ئێستا خۆی ته‌یار به‌ هونه‌ری ته‌عامول و ئاشته‌وایی بکات و بۆ ئه‌و کاره‌ش پێویستی به‌ نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای خۆی هه‌یه‌. هه‌میشه‌ پاراستنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌وله‌وییه‌تی له‌سه‌ر ڕکابه‌رییه‌ شه‌خسییه‌کان بووه‌ که‌واته‌ نابێت چاوه‌ڕوانی خه‌نجه‌ر له‌ پشته‌وه‌ لێدانی ئه‌وان له‌ یه‌کتر بین. ئه‌گه‌ری زۆره‌ موناقیشه‌ له‌گه‌ڵ دوو حیزبی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌مپه‌رێک بێت له‌ به‌رده‌م هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی پاک و بێگه‌رد و دروست‌کردنی به‌ره‌یێکی یه‌کگرتوو له‌ به‌رانبه‌ر به‌غدا.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمانیتۆر

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53572

Your Comment

You are replying to: .
captcha