٧ ئایار ٢٠١٩ - ١٨:٤٩
زەریف سەردانی مۆسکۆ دەکات

بەشی ئێران/ کوردی- وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا ڕووسەکەی سەردانی مۆسکۆ دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمشەو سێشەمە 7ی ئایار بە سەردانێک دەگاتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەەرەوەی ڕووسیا دیدار و گفتوگۆ دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردۆتەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا لە بارەی دواپێشهاتەکانی سووریا و ڤنەزۆئێلا و مەسەلەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ لایەنی ڕووسی دەکات.

بڕیارە هەر لەو سەردانەشدا پەیمانی ئاسانکاری کردن بۆ سەردانی گەشتیارانی ئێران و ڕووسی بۆ هەردوو وڵات واژۆ دەکرێت و ئەنجامی کۆبوونەوەکان لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا ڕادەگەیێندرێت.هاوکات حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریی نوێیان گرتۆتە بەر و لە هەمان ڕۆژی چوارشەمەدا وەڵامی بەرانبەر ڕادەگەیێنێت. هەر بەو پێیەش ژمارەیێک چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەوانان بڕوایان وایە وتەکانی ڕۆحانی پێوەندیی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و شیمانەی کشانەوە لەو ڕێککەوتنە یان لانی کەم دەستبەرداربوونی بەشێک لە ئیلتیزامەکانی ئێران بە ڕێککەوتنەەوە دێتە گۆڕی.

لە لایێکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێش سەردانەکەی بۆ ڕووسیا لە لێدوانێکدا وتوویەتی ئێران نەوتیش دەفرۆشێت و پارێزگاری لە ئابووری وڵاتەکەشیەوە دەکات ئەگەرچی ئەمریکا بە لێشاو سزای ئابووری دەسەپێنێت بەڵام ئێران پەکی ناکەوێت. هەر لەو بارەیەشەوە ڕێککەوتنێکی ئەورووپییەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە ناوی "ئینستێکس"ەوە بڕیارە کاروباری داراییی داهاتە نەوتییەکانی ئێران بۆ بازرگانی کردن لەگەڵ لایەنی ئەورووپی ڕاپەڕێنێت و پڕۆسەیێک بێت بۆ دەورلێدانی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕووسیا لە کاتێکدایە سبەی چوارشەمە 8ی ئایار ئەو ڕۆژەیە کە ئەمریکا تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و بڕیارە سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک سزای ئابووریی نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت.

News Code 53543

Your Comment

You are replying to: .
captcha