عێراق بۆ دادگه‌یی‌کردنی چه‌کدارانی ئه‌ورووپیی داعش داوای 2 ملیار دۆلار ده‌کات

به‌شی جیهان- ژماره‌یێک دیپلۆماتکار و شرۆڤه‌کاری کاروباری ئه‌منی ڕای‌ده‌گه‌یێنن که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ده‌وڵه‌تی عێراق له‌جیاتی دادگه‌یی‌کردنی چه‌کدارانی فه‌ڕه‌نسیی داعش داوا له‌ ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا و دیکه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بکات 2 ملیار دۆلار وه‌ک یارمه‌تیی دارایی به‌وان بدات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش توانیی ژماره‌یێکی زۆر چه‌کداری بیانی و ئه‌ورووپیی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه که‌ زیاتر له‌ هه‌زار که‌سن ده‌ستگیر بکات. به‌رپرسی وڵاته‌ ئه‌ورووپییه‌کان وه‌ڵامێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان به‌ داوای کورد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌کدارانه‌ بۆ ئه‌ورووپا نه‌داوه‌ته‌وه‌ و نایانهه‌وێت چه‌کدارانی بیانیی داعش بۆ ئه‌ورووپا بگه‌ڕێننه‌وه‌.

ده‌وترێت که‌ زۆرترین ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌ورووپیی داعش فه‌ڕه‌نسین و له‌ ئاکامی گفتوگۆكانی نێوان به‌غدا و پاریس 14 گومانلێكراوی داعش له‌ سووریاوه‌ ڕه‌وانه‌ی عێراق كراون و له‌وێ دادگایی كراون. به‌و شێوه‌یه‌ش که‌ به‌شی ئینگلیزی VOA نووسیویه‌تی له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ژماره‌یێکی زۆر چه‌کداری فه‌ڕه‌نسی داعش له‌ سووریاوه‌ ڕه‌وانه‌ی عێراق ده‌کرێن.

به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریکا له‌ زاری ژماره‌یێک شرۆڤه‌کاری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین نووسیویه‌تی: ده‌وڵه‌تی عێراق هیواداره‌ به‌ بۆنه‌ی دادگه‌یی‌کردنی چه‌کدارانی ئه‌ورووپیی داعش نزیکه‌ی 2 ملیار دۆلار له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا وه‌ربگرێت. له‌مدواییانه‌دا ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕه‌نسا له‌ دیدار له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ پاریس پشتیوانیی زیاتری پاریس له‌ به‌غدای دووپات کرده‌وه‌.

ژماره‌یێک له‌ دیپلۆماتکارانیش ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ فه‌رمی داوای پاره‌ له‌ ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا بکات به‌ بۆنه‌ی دادگه‌یی‌کردنی چه‌کدارانی ئه‌ورووپی داعش له‌و وڵاته‌.

شایانی باسه‌ 1700 هاووڵاتیی فه‌ڕه‌نسا ڕوویان له‌ ڕیزه‌کانی داعش له‌ عێراق و سووریا کردووه‌ که‌ نزیکه‌ی 300 که‌سیان له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی داعش و هاوپه‌یمانان کوژراون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53535

Your Comment

You are replying to: .
captcha