کوردپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە سەردانێک لە ئەمریکایە گفتوگۆیێکی لەگەڵ گۆڤاری "لۆبلۆگ" کردووە و لە دیمانەکەیدا کۆمەڵێک پرسیاری لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و ناوچەکە وەڵام داوەتەوە.
زەریف ئاماژەی بە هەوڵەکانی سعوودیە و ئیمارات و ڕژیمی زایۆنی بەمەبەستی هاندانی واشنتۆن بۆ جەنگی ئاشکرای دژبە ئێران کردووە و دەڵێت: "من نامەوێت باسی جەنگ و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ بکەم و قسەکانم ببەمە خانەی هەڕەشە و پەنجە بەرزکردنەوە بەڵام ئەگەر شتی وا ڕوو بدات و دوژمنایەتی یان جەنگێک دەست پێبکات لەو قەناعەتەدا نیم کە هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بتوانێت خۆی لێ ببوێرێت."
هەواڵنێری ماڵپەڕی لۆبلۆگ لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ناچارکردنی ئێران بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و زەریف لە وەڵامدا ڕایگەیاند: "بێگومان بەشێکی عەقڵییەتی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە ئەوەندە گوشارەکان زیاد بکات کە ئێران هان بدات لە ڕێککەوتن بکشێتەوە. بەڵام هەر بەوەشەوە نەوەستاون و سیناریۆی دیکەشیان بەدەستەوەیە و هەوڵ دەدەن نیازەکانی خۆیان بهێننە دی."
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر بووە و ئەو هەشت وڵاتەی بەخشینیان بۆ دەرکرابوو کە نەوتی ئێران بکڕن مۆڵەتەکەیان تەواو بووە و ئیدارەی ترەمپ ئەو لێخۆشبوونەی درێژ نەکردەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئامانجیان ئەوەیە داهاتی نەوتی ئێران بگەیێننە ئاستی سیفر و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا بە وتەی چاودێرانی ئابووری و سیاسی ئەمریکا ناتوانێت بە تەواوەتی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات.
Your Comment