حکوومەتی سووریا: بست به‌ بست خاكه‌كه‌مان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ و گرووپه‌كان ده‌رده‌هێنینه‌وه

بەشی سوریا- حكوومه‌تی سووریا جه‌خت له‌سه‌ر رێگری كردن له‌ فراوانخوازییه‌كانی توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ سنووری پارێزگای ئیدلب ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، "بست به‌ بست خاكه‌كه‌مان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ و گرووپه‌كان ده‌رده‌هێنینه‌وه"‌.

کوردپرێس: فه‌یسه‌ڵ میقداد، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا له‌ دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی مه‌یادین-ی لوبنانی گوتی: "سووریا رێگه‌ به‌ توركیا نادات ته‌نیا سانتیمه‌ترێكیش له‌ خاكه‌كه‌ی داگیر بكات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "پێویسته‌ ئه‌نقه‌ره‌ باش بزانێت، ئێمه‌ مانه‌وه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئیدلب هه‌رگیز قبووڵ ناكه‌ین".

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا ده‌شڵێت: "بڕیاری سووریا بۆ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكه‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ و ئیدلبیش له‌و بریاره‌ به‌ده‌ر نییه‌"، گوتیشی: "پێویسته‌ توركیا و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ باش له‌وه‌ تێبگه‌ن، سووریا سووره‌ له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بست به‌ بستی خاكه‌كه‌ی".

فه‌یسه‌ڵ میقداد دووپاتی كرده‌وه‌ "ده‌بێت ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌وه‌ بزانێت، كه‌ پشتیووانییه‌كه‌ی بۆ تیرۆر و داگیركردنی خاكی سووریا، ئاسایشی توركیا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یدا مقداد رووی ئامۆژگارییه‌كانی له‌ كوردی وڵاتەەی كرد و گوتی: "ئێستا كورد بووه‌ته‌ دارده‌ستی ئه‌مه‌ریكا، له‌بری ئه‌وه‌ی ئینتیمایان بۆ نه‌یاران هه‌بێت، پێویسته‌ ئینتیمایان بۆ نیشتیمانه‌كه‌یان هه‌بێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ 70%ی خاكی پارێزگای ئیدلب، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنووری توركیا، له‌ژێر ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی توندڕه‌و دایه‌، كه‌ ده‌گوترێت له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتیووانی ده‌كرێن، له‌ دیارترین ئه‌و گرووپانه‌ش، ده‌سته‌ی ته‌حریر شام "به‌ره‌ی نووسره‌ی پێشوو".

ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق، حكوومه‌تی توركیا به‌وه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ پشتیووانی له‌و گرووپانه‌ ده‌كات، به‌ مه‌به‌ستی تێكدانی سه‌قامگیریی سووریا.

له‌ لایێكی دیكه‌وه‌ ئێستا رووبه‌رێكی زۆری باكووری پارێزگای حه‌له‌ب، له‌وانه‌ش عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری، له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای توركیایه‌، كه‌ له‌ میانه‌ی هه‌ردوو ئۆپه‌راسیۆنی "قه‌ڵغانی فورات و چڵه‌ زه‌یتون" و به‌ پاساوی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت.

پارێزگای ئیدلب ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2017ـه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتنێک له‌ لووتكه‌ی ئه‌ستانا له‌ نێوان هه‌ریه‌ک له‌ ئێران، توركیا و رووسیاوه‌، وه‌ک ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ راگه‌یێندرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53453

Your Comment

You are replying to: .
captcha