بەپێی هەواڵی کوردپرێس ژنەراڵ ئەحمەد جاسم مەعارج فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای عێراق بە یاوەریی شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ ژنەراڵ عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران کۆ بووەتەوە.
لە دیداری نێوان هەردوو فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای عێراق و سوپای پاسدارانی ئێراندا هەردوولا کۆک بوون لە سەر برەوپێدانی هاوکاریی تەکنیکی و ئەندازیاری و زانستی لە بواری سەربازی و دەریایی.
هەر لە دیدارە دوو قۆڵییەکەدا دوو لایەن گفتوگۆیان لە سەر بەڕێوەبردنی نمایشی سەربازیی هاوبەش لە دەریا کرد.
فەرماندەی هێزی دەریاییی عێراق ئاماژەی بە هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی دژبە تیرۆر و پشتگیری کردنی لایەنی ئێران لە حەشدی شەعبی وەکوو هێزێکی عێراقی بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش کرد و ڕایگەیاند: ئێران و عێراق چ لە باری ئایینییەوە و چ لە باری ئەتنیکیشەوە پێوەندیی قووڵیان لەگەڵ یەک هەیە و ڕوانینی لایەنی عێراقییش بەرانبەر بە ئێران ڕوانینێکی ئیجابییە و بەنیازن پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران قووڵتر بکەنەوە.
لای خۆیەوە ژنەراڵ تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێرانیش تیشکی خستە سەر ئەو هاوکارییانەی ئێران لە شەڕی دژبە تیرۆردا ئاراستەی عێراقی کردووە و لەو بارەیەشەوە ڕایگەیاند: " بە قەناعەتی ئێمە هاودڵی و لەپشت یەک بوون دەتوانێت ئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەتی ئاسایشی ناوچەی کەنداویش دابین بکات هەر بەو شێوەیەی کە پشتگیرییەکانی ئێران بۆ عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر ئەنجامی ئیجابیی بوو."
سەردانەکەی فەرماندەی هێزی دەریاییی عێراق بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو نمایشی سەربازیی ئێران و عەمان لە کەنداوی فارس بەڕێوە چووبوو.
شایانی باسە درێژخایەنترین شەڕی سەردەم شەڕی نێوان ئێران و عێراق بوو کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا ڕووی دا. شەڕەکە لە عێراق بە ناوی "قادسیەی سەدام" ناسراوە و لە ئێرانیش بە "شەڕی سەپێندراو" ناوی لێبراوە. ڕۆژی 22ی ئەیلوولی 1980 ئەو شەڕە بە فەرمی دەستی پێکرد بەڵام هەر لە شەستەکانەوە ململانێی نێوان ئێران عێراق بەردەوام بوو و خاڵی بەرجەستەی ناکۆکییەکەش پێوەندیی بە ڕووباری ئەروەند و مەسەلەی سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراقەوە بوو. پاش 8 ساڵ شەڕ و پێکدادان پەیڕەوی ژمارە 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بە زەمینەخۆشکەری ئاگربڕ و شەڕ کۆتاییی پێهات.
لە ساڵی 2003وە پاش ڕووخانی سەدام و هاتنە سەرکاری ئیدارەی نوێ و گۆڕدرانی هاوکێشەی دەسەڵات لە بەغدا پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق سیمای نوێی گرتە خۆ و هاوکارییەکان لە هەموو ڕەهەندە سیاسی و ئابووری فەرهەنگییەکاندا دەستیان پێکرد و ئەمڕۆکە گەشتۆتە ئاستێکی باڵا چ لە عێراقیش و چ لە هەرێمی کوردستانیش. تا ئەو ڕادەیەی لە دیداری دوو قۆڵیی نێوان فەرماندە سەربازییەکاندا گفتوگۆ لە سەر تەوەرێکی هەستیاری وەکوو نمایشی سەربازیی هاوبەش دەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدا دژایەتییەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران گەشتۆتە زیاترین ئاستی خۆی و گوشار دەخاتە سەر وڵاتان کە لەو دژایەتی کردنەدا هاوکاریی بکەن. بەڵام عێراق یەک لەو وڵاتانەیە کە بە فەرمی چەندین جار ڕایگەیاندووە ناتوانێت ملکەچی فەرمانەکانی ئەمریکا بێت و بە پێچەوانەوە بەپێی سەروەریی وڵاتەکەی تەعامولی لەگەڵ دراوسێکانی و بەتایبەتی ئێرانیشدا دەبێت.
Your Comment