بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمیانەی كۆبوونەوەیێكدا كە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ 29 نیسانی 2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لەپەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری توركیا كرا، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا هیوای خواست بەزویی كابینەی نوێی هەرێم دەستبەكاربێت و خواستی خۆی بۆ سەردانی شاری سلێمانیش دەربڕی.
لەگفتوگۆكاندا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاڵپشتیی ئۆقرەیی و ئارامی لە موسڵ و دەشتی نەینەواو ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش، لەگەڵ پێكەوە كاركردن بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەو ناوچانە، لەم میانەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی لەپێویستی رێگریكردن لە دروستبوونی داعشێكی نوێ لەناوچەكە كردەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتیكردەوە كە زۆر پرسی هاوبەش هەن دەكرێ ببنە ئەجێندای هاوكاریی هەردوولا لەماوەی داهاتوودا بەتایبەت لە بوارەكانی ئابووری و خوێندن و زانكۆكان.
قوباد تاڵەبانی گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەی كەركووک لەسەر بنەمای پێكەوەژیان، ئاشتەوایی نەتەوە و پێكهاتەكانی شارەكە خستەڕوو و بەپێویستی زانی چارەسەری بەپەلە و گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
تیمی هەرێم جگە لە قوباد تاڵەبانی، هەریەك لە خەسرەو گوڵ محەمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، یوسف گۆران، عوسمان شوانی و وەفدی میوانیش جگە لە وەزیری دەرەوە لە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا و ژمارەیێک بەرپرس و دیپلۆماتكار پێكهاتبوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment