ململانێی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر کوردی باکووری سووریا(2)

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- نووسه‌ر و هه‌واڵنێری کاروباری کورد به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئێستاکه‌ ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا دامه‌زراوه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رده‌وامیی هاوکاریی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا پێناچێت ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن بتوانن له‌سه‌ر کوردی سووریا ئیتیفاق بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کان له‌وان بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیسته‌می به‌رگری له‌ ڕووسیا، ده‌ستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئه‌مریکی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن مامۆستای ناڕازیی تورکیا له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ ڕاجیاوازییان هه‌یه‌ به‌ڵام گرینگترین ململانێی ئه‌مدواییه‌ی نێوان دوو وڵات له‌سه‌ر پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریا له‌ ساڵی 2014 تاکوو ئێستایه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ تورکیا هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا یه‌کسان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ده‌زانێت. واشنتۆن به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) به‌ تیرۆریست وه‌سف ده‌کات به‌ڵام پێی وایه‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا ناسراو به YPG‌ په‌یوه‌ندییێکی زۆریان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ نییه‌ و تیرۆریست نیین.

تورکیا نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕیوه‌ له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ به‌ درێژاییی سنووره‌کانی خۆی له باشوور له‌سه‌ر‌ خاکی سووریا و ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ له‌ ساڵی 2018 به‌ یارمه‌تیی سه‌ربزێوانی سوپای ئازادی سووریا له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازیدا کانتۆنی کوردنشینی عه‌فرینی له‌ دوو کانتۆنی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد جیا کرده‌وه‌ و کۆنتڕۆڵی کرد. ده‌وڵه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا که‌ له‌ به‌هێزبوونی کوردی سووریا له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ نیگه‌رانه‌ هه‌وڵ ده‌دات قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مریکا بهێنێت کۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه‌ بگرێته‌ده‌ست به‌ڵام ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ تاکوو ئێستا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و کورده‌کانیش داوایان له‌ ئه‌مریکا و دیکه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووه‌ که‌ له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا دروست بکرێت.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی دۆخی کورد به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی کوردی سووریاوه‌ دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن نووسه‌ر و هه‌واڵنێری ئه‌فریقای باشوور و دانیشتووی ئۆستراڵیا ئه‌نجام داوه‌ که له‌‌ به‌شی یه‌که‌می دیمانه‌که‌دا دانووستانی نێوان دیمه‌شق و کوردی سووریا لێکدرایه‌وه‌. دۆبۆسۆن له‌ به‌شی دووهه‌می دیمانه‌ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا دۆخی باکووری سووریا و دژبه‌یه‌کیی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا و تورکیا له‌و ناوچه‌یه‌ی شیی کردۆته‌وه‌.

ناوبراو له‌م دیمانه‌یه‌دا ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ تورکیا و ئه‌مریکا نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ر کوردی سووریا و چۆنێتیی چاره‌کردنی کێشه‌کانی ئێستا ئیتیفاق بکه‌ن و هێشتا ڕاجیاوازییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتووی سووریا.

دۆبۆسۆن له‌باره‌ی ڕاجیاوازیی ئه‌مریکا و تورکیا به‌ کوردپرێسی گوت: "ئه‌نقه‌ره هێزه‌کانی YPG‌ به‌ تیرۆریست ناو ده‌بات به‌ڵام پێشی وایه‌ که‌ ئه‌و هێزه‌ شوێنکه‌وتووی په‌که‌که‌یه‌ و داوا له‌ واشنتۆن ده‌کات که‌ کۆتایی به‌ پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ YPG‌ بهێنێت. ئه‌نقه‌ره‌ هه‌روه‌ها داوای دامه‌زراندنی ناوچه‌یێکی ئه‌من له‌ باکووری سووریا ده‌کات تا له‌ هه‌بوونی "تیرۆریستان" پاکی بکاته‌وه‌. به‌ڵام واشنتۆن به‌ بۆنه‌ی ئه‌و یارمه‌تییه‌ی که‌ هێزه‌ خۆجێیییه‌کانی کوردی سووریا ناسراو به‌ YPG‌ و هێزی سووریای دیموکرات له‌ شه‌ڕ داعش کردوویانه‌ نایه‌وێت ئه‌وان به‌جێبهێڵێت. واشنتۆن هۆشداریشی به‌ تورکیاوه‌ داوه‌ که‌ له‌شکه‌رکێشی ئه‌و وڵاته‌ بۆ باکووری سووریا لێکه‌وتێکی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌."

نووسه‌ره‌که‌ی ئه‌فریقای باشوور له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هاوکاریی نێوان کوردی سووریا و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا زیادی کرد: ئێستاکه‌ فه‌رمانده‌ییی ناوه‌ندیی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراو به‌ سه‌نتکام به‌ یارمه‌تیی هێزی پۆلیسی کورد ناسراو به‌ ئاسایش و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی دژه‌تیرۆریستین بۆ سه‌ر پاشماوه‌کانی داعش که‌ وه‌ک شانه‌ی نوستووی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ دێته‌ ئه‌ژمار. هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت به‌رنامه‌یێک له‌باره‌ی سه‌قامگیرکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌ جێبه‌جێ بکات که‌ ئامانجی له‌و کاره‌ش ئه‌وه‌یه‌ ڕێگری له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و دیکه‌ی گرووپه‌کانی هاوشێوه‌ی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ بکات به‌ڵام کۆشکی سپی به‌رنامه‌یێکی یه‌کپارچه‌ی له‌سه‌ر سووریا نییه‌ و ده‌بێ سه‌نتکامیش سیاسه‌ته‌کانی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببات.

ئاویس دۆبۆسۆن پێی وایه‌ که‌ ڕاگه‌یاندنی بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رکۆماری ئه‌مریکاوه‌ بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی کوردی سووریا شک و گومانیان هه‌بێت نیسبه‌ت به‌ به‌رنامه‌کانی دواتری هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا.

ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا

هه‌واڵنێری کاروباری کورد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئایا ئه‌مریکا به‌دواداچوون بۆ بابه‌تی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا ده‌کات یان نا گوتی: "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ دژواره‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌مریکا پاش ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی که‌نداو کارامه‌ییی خۆی بۆ دروست کردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری عێراق بۆ پاسه‌وانی له‌ کورد پیشان دا به‌ڵام دامه‌زراندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا کێشه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌."

ناوبراو له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ ئێستاکه‌ش به‌ شێوه‌ی نافه‌رمی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا دروست کراوه‌ چوونکه‌ "سه‌نتکام به‌بۆنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژی داعش به‌ شێوه‌یێکی نافه‌رمی ناوچه‌ی دژه‌فڕینی له‌ باکووری سووریا دروست کردووه‌ به‌ڵام به‌رده‌وامیی پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باکووری سووریا به‌ته‌واوه‌تی به‌ستراوه‌ به‌ بڕیاری کۆشکی سپییه‌وه‌. ده‌وڵه‌تی تره‌مپ ده‌توانێت به‌بۆنه‌ی ئامانجه‌ نێوخۆیییه‌کانی خۆی تاکوو به‌ڕێوه‌چوونی کاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار له‌و وڵاته‌ -که‌ هێزه‌کانی به‌ته‌واوه‌تی له‌ سووریا ده‌کشێته‌وه‌- به‌شێک له‌ هێزه‌کانی له‌ باکووری سووریا بهێڵێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا کارێکی وا ئه‌نجام بدات سوود و قازانجێکیش وه‌ده‌ست ده‌هێنێت."

نووسه‌ری دانیشتووی ئۆسترالیا هۆشداری ده‌دات که‌ "کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هه‌ندێک کێشه‌ و ئاڵنگاریش دروست ده‌کات چوونکه‌ هه‌بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌ یارمه‌تی به‌ کورد ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵیان بپارێزن. که‌م‌بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا یان کشانه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وان له‌ ناوچه‌که‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌سه‌ر سووریا به‌ره‌وڕووی کێشه‌ ده‌کاته‌وه‌ و کارتێکه‌رییێکی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر ڕاسپارده‌یییه‌کانیان بۆ سه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که‌ پاش شکست‌هێنانی داعش."

دۆبۆسۆن به‌ کوردپرێسی گوت: ئه‌مریکا زۆرینه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا ناباته‌ده‌ره‌وه‌ و ئه‌م هێزانه‌ تاکوو 5 ساڵی داهاتوو له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که هێشتا‌ هێزی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ باشه‌ و به‌ مانای به‌رده‌وامیی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕینی نافه‌رمی له‌ باکووری سووریایه‌ و تورکیاش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هاتۆته‌ده‌نگ. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان هێشتا مکووڕ بێت له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ باکووری سووریا و ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد ئه‌وا کێشه‌یێکی گه‌وره‌ بۆ ڕاسپێردراوی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ناوچه‌که‌ دروست ده‌بێت.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا هیوای خۆی ده‌ربڕی و باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌مدواییانه‌دا هۆشداره‌ تونده‌کانی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی زه‌رووره‌تی هێرش‌کردنه‌ سه‌ر باکووری سووریا که‌متر بۆته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌ردۆغان بڕیاری خۆی له‌سه‌ر داگیرکردنی ناوچه‌ی کوردنشینی باکووری سووریا جێبه‌جێ نه‌کات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ ئه‌گه‌رێکدا مومکینه‌ که‌ گوشاره‌کان دژی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئه‌ردۆغان هه‌م له‌ ناوخۆ و هه‌م له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ زیاتر ببێته‌وه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53401

Your Comment

You are replying to: .
captcha