کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی شاندی هەرێم و بەغدا

دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا، محەمەد هاشم وەزیری بازرگانیی عێراق و عەلی سندی وەزیری پلاندانانی هەرێم لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا سەرکەوتوو بووە و گەشبینن بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان.

کوردپرێس:

ئەمڕۆ 28ی نیسانی 2019، وەفدێكی باڵای حكوومەتی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك و جێگیری سەرۆك وەزیران و ژمارەیێک لە وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێم كۆ بوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكە، لەكۆنگرەیێكی رۆژنامەوانیدا، عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێم و د.محەمەد عانی وەزیری بازرگانی حكوومەتی عیراق کۆبوونەوەکانیان بە ئیجابی وەسف کرد و محەمەد هاشم وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشبینە بەو هەماهەنگی و یەکخستنانەی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە زۆربەی بابەتەکاندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد گفتوگۆ کراوە دەربارەی خاڵە گومرگییەکان و ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی کە هاوردە دەکرێن، هەروەها بابەتی ڕۆژنامەی کشتوکاڵیی تایبەت بە هاوردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و، لەوبارەیەوە گەیشتوون بە بڕیاری گونجاو.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بازرگانیی عێراق ئاشکرایکرد، کاتیش دیاریکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە و مامەڵەکردنیش لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بە شێوەی خولی دەبێت سەبارەت بەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دەردەچن، کە بەشێکی پێویستی بە دەرکردنی یاسا هەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.

هاوکات عەلی سندی وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر دەستپێشخەریی فوئاد حسێن وەزیری داراییی عێراق بووە، بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووریی عێراق بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە کۆبوونەوەکە بەشداریپێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکسختنی کار و چالاکییەکانی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەلی سندی جەختی کردەوە، کۆبوونەوەکە بۆ هەماهەنگی و کارئاسانییە بۆ کاروباری بازرگانیی نێوان هەرێم و بەغدا لە هەندێک بواردا، بەتایبەت دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەی تێکەوتبوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێکێکی باشە و ماوەی ساڵێکە هەرێم و بەغدا پەیوەندییان هەیە و گفتوگۆش کراوە سەبارەت بە مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەیان نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بەرهەمەکانیان بگاتە بەغدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەلی سندنی ئاماژەی بەوەش کرد، نییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرییە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بەو ئاراستەیە بووە، بەڵام پێویستە هەندێک گۆڕانکاری لە یاساکان بکرێت لە هەرێمی کوردستان و ئەمەش کاتێکی تری پێویستە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی هەیە لەسەر هەموو ئاستەکان.

وەزیری پلاندانانی هەرێم ئاشکرایکرد، کردنەوەی هەندیک ئۆفیس لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی مۆڵەتی هاوردەکردن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٨ی نیسانی ٢٠١٩) شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا لە هەولێر کۆبوونەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

شاندەکەى حکوومەتى عێراق پێکهاتبوو له ‌وه‌زیرانی پلاندانان، پیشه‌سازی و بازرگانی، ڕۆشنبیری، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی عێراق و ژماره‌یێک به‌رپرسی دیكه.

نێچیرڤان بارزانى لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا، کە میدیاکان ڕاستەوخۆ بڵاویان کردەوە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەپێناو چارەسەرکردنى گرفتەکانە و هەوڵ دەدەن کێشەى نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان بە گفتوگۆى بەردەوام لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکەن.

*لە میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە

News Code 53394

Your Comment

You are replying to: .
captcha