کوردپرێس: لێخۆشبوونی واشنتۆن بۆ کڕینی نه‌وتی ئێران ڕۆژی 2ی ئایاری 2019 کۆتایی پێدێت و ئیداره‌ی تره‌مپ هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند که لێخۆشبوونه‌که درێژ ناکرێته‌وه ئه‌وه‌ش نوێترین بڕیاری ئیداره‌ی تره‌مپ بوو بۆ گوشارخستنه سه‌ر تاران. هاوکات به توندی هۆشداری به هه‌موو ئه‌و وڵاتانه داوه که پێشتر له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌ندییان هه‌بووه و ڕایگه‌یاندووه ئه‌گه‌ر پێبه‌ندی گه‌مارۆکان نه‌بن ئه‌وا خۆیان سزا ده‌درێن.
عێراق یه‌ک له‌و وڵاتانه‌یه که پێشتر به‌ر لێخۆشبوونه‌که‌ی واشنتۆن که‌وتبوو و ئه‌گه‌ر پێبه‌ندی ئه‌م بڕیاره نوێیه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا بێت مه‌شاکیلی زۆر دروست ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی قووڵی مێژووییی له که‌رتی بازرگانی و وزه و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه بۆیه به‌رپرسانی باڵای عێراقی چه‌ندین جار جه‌ختیان کردۆته‌وه که بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا کێشه‌ی زۆر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق دروست ده‌کات. له به‌رانبه‌ردا لایه‌نی ئه‌مریکیش به‌تاڵ نه‌بووه و هه‌موو هه‌وڵی دیپلۆماتیکی خۆی به‌کار هێناوه که قه‌ناعه‌ت به به‌غدا و هه‌ولێر بهێنێت پێبه‌ندی سزاکانی سه‌ر ئێران بن ته‌نانه‌ت له‌م دواییه‌دا هه‌ڕه‌شه‌شی کردووه و ئه‌ندامێکی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووه ئه‌گه‌ر به‌غدا پێبه‌ندی گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران نه‌بێت سزای ئه‌مریکای ده‌خرێته‌سه‌ر.
ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کۆنه‌کاری کوردی عێراقی کردووه.
ده‌قی دیمانه‌که:
کوردپرێس: به‌خشینی وڵاتان له سزاکانی سه‌ر ئێران درێژ نه‌کرایه‌وه، له‌م قۆناغه‌دا خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌م بڕیاره چییه و پێتان وایه لێکه‌وته‌کانی چی ده‌بێت؟
مه‌حموود عوسمان: هه‌موان ده‌زانن تره‌مپ زه‌لامێکی ئه‌نتیکه‌یه به‌داخه‌وه وڵاتێکی زلهێزی وێنه‌ی ئه‌مریکا سه‌رۆکێکی وای هه‌بێت. بڕیاره‌کانی تره‌مپ پێشبینی ناکرێن و هه‌ر ڕۆژه به تووتیتێک بڕیارێک ده‌رده‌کات یه‌عنی ئیداره‌که‌ی خۆیشی سه‌ری لێشێواوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن به‌خشینه‌که درێژ ناکرێته‌وه ده‌بێ بزانین ئێستا زۆر وڵات له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵسوکه‌وتی و پێوه‌ندیی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌خشینه‌ش درێژ نه‌کرێته‌وه زۆر وڵات ده‌که‌ونه کێشه‌وه. ئایا ئه‌وه ئاسانه هه‌موو ئه‌و وڵاتانه عقووبهیان له‌سه‌ر بکرێت؟ به قه‌ناعه‌تی من ئه‌و بڕیاره هیچیان بڕیاری سروشتی نیین و به ڕه‌ئیی من له ئه‌ساسدا ده‌بوو تره‌مپ به هه‌مان ڕێچکه‌ی ئۆبامادا بچووبا یه‌عنی که ئیتیفاق و ڕێککه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ ئێران کردبوو و تا ڕاده‌یێک ئه‌ورووپاش ته‌ئیدی کرد ده‌یانتوانی پێکه‌وه ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆمییش چاره‌سه‌ر بکه‌ن. به‌س تره‌مپ هاتووه و گوایه شتێکی تازه‌ی پێیه. شته تازه‌که‌شی به‌س له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی ئێرانه‌وه نییه به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپاش کێشه‌ی هه‌یه. له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش کێشه‌ی هه‌یه بۆیه وه‌زعێکی تایبه‌تیه. ڕه‌نگه هه‌ندێک هاووڵاتیی ئه‌مریکی پێیان باشه به‌ڵام له جیهاندا کێشه‌یێکی زۆر دروست ده‌کات.
کوردپرێس: ئاماژه‌تان به پێوه‌ندییه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ زۆرێک له وڵاتان دا که ئێستاش به‌رده‌وامه. یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ش عێراقه. له‌م نێوه‌شدا هه‌رێمی کوردستان پێوهندیییێکی به‌ربڵاوی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. پێتان وایه ئه‌م بڕیاره چ کاریگه‌رییێکی سه‌لبیی له‌سه‌ر عێراق و ناوخۆی عێراق ده‌بێت؟
مه‌حموود عوسمان: ته‌بعه‌ن کاریگه‌ریی سه‌لبی ده‌بێت. هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت بڕیاره‌که جێبه‌جێ بکات چوونکه مێژوویێکی دوور و درێژ و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه بۆیه ناتوانێت کۆتایی به په‌یوه‌ندییه‌کانی بهێنێت یان بازرگانی نه‌کات هه‌ر به‌و شێوه‌یه عێراقیش به ڕه‌ئیی من ناتوانێت پێوه‌ندییه‌کانی تێکبدات بۆیه بڕیاره‌که قابیلی جێبه‌جێ کردن نییه چوونکه ئه‌گه‌ر پێوه‌ندیی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران ببڕیهت ئایا ئه‌مریکا قه‌ره‌بووی ده‌کاته‌وه؟ یان ئه‌و شتانه‌ی که له ئێرانه‌وه دێت ئه‌مریکا دابینی ده‌کات؟ له‌به‌ر ئه‌وه به ڕه‌ئیی من قابیلی جێبه‌جێ کردن نییه.
کوردپرێس: ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا به‌غدا و حکوومه‌تی عێراق چ بڕیارێک بدات و چ سیاسه‌تێک بگرێته‌به‌ر؟
مه‌حموود عوسمان: به ڕه‌ئیی من چ حکوومه‌تی هه‌رێم و چ حکوومه‌تی به‌غدا ده‌بێت تا ئه‌توانن باڵانسه‌که ڕابگرن چوونکه ئه‌م حکوومه‌تانه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه و ده‌بێ حیسابێکی بۆ بکرێت. به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ ئێرانیش پێوه‌ندییان هه‌یه و ڕه‌نگه پێوه‌ندییه‌که‌یان زیاتریش بێت بۆیه ده‌بێت کارێک بکه‌ن به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق بجووڵێنه‌وه واتا ده‌ستکه‌وت و قازانجی عێراق له چیدایه به‌و پێیه کار بکه‌ن. ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت که ئایا عێراق پێویستی به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه یان نه‌خێر؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان چییه به‌و پێیه ڕه‌فتار بکه‌ن نه‌ک به‌پێی پێوه‌ندیی تره‌مپ و پێوه‌ندیی ئێران به‌ڵکوو به‌پێی پێوه‌ری وڵاته‌که‌ی خۆیان ڕه‌فتار بکه‌ن و به قه‌ناعه‌تی من ده‌بێ قسه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاش بکه‌ن و ناتوانن ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێ بکه‌ن.
کوردپرێس: ده‌بینین که له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکاوه جوودی هوود یه‌کێک له به‌رپرسانی باڵیۆزخانه دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی دیجله کردووه و هۆشداری به به‌رپرسانی عێراقی داوه که ئه‌گه‌ر پابه‌ندی سزاکانی ئه‌مریکا نه‌بن عێراقیش سزا ده‌درێت. ئه‌م گوشارانه چۆن ده‌بینن؟ پێویسته عێراق چ هه‌ڵوێستێکی به‌رانبه‌ری هه‌بێت وه‌کوو سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییی عێراقی.
مه‌حموود عوسمان: به ڕای من ئه‌و کاره‌ی جوودی هوود کردوویه‌تی بێ مانایه واتا مانای نییه که‌سێک هه‌ڕه‌شه له وڵاتێک بکات ئه‌وه‌ش وه‌کوو سه‌فیرێک له‌و وڵاته واتا حیسابی سه‌روه‌ریی عێراق نه‌کراوه له‌به‌ر ئه‌وه به قه‌ناعه‌تی من ئه‌و قسانه شتێکی ناڕاسته و نه‌ده‌بوو دیپلۆماتێک قسه‌ی وا‌بکات. له عه‌ینی وه‌ختیشدا پێویسته حکوومه‌تی عێراق وه‌ڵامی ئه‌و شتانه بداته‌وه و بێده‌نگ نه‌بێت له‌و جۆره هه‌ڕه‌شانه به‌ڵکوو باشتر وایه سیاسه‌تی خۆی هه‌بێت و هه‌ڵوێست بنوێنێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یێکی لێبکرێت و بێده‌نگ بێت ئه‌وا شتێکی باش نییه بۆیه به قه‌ناعه‌تی من مه‌سڵه‌حه‌تی عێراق له چیدا بێت ده‌وڵه‌ت به فه‌رمی ڕایبگه‌یێنێت که ناتوانین فلان بڕیار جێبه‌جێ بکه‌ین بۆیه پێویسته خۆیان بڕیار بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌تی ئه‌و جۆره هه‌ڵوێستانه بکه‌نه‌وه.
کوردپرێس: داهاتووی سیاسه‌تی ئه‌مریکا له به‌رانبه‌ر ئێران له ناوچه‌که‌دا چۆن ده‌بینن؟
مه‌حموود عوسمان: بابه‌ته‌که زیاتر بۆ خودی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه. یه‌که‌م؛ ئه‌گه‌ر ئێران بتوانێت کێشه‌کانی ناوخۆی چاره‌سه‌ر بکات و ته‌حه‌مولی ئه‌و ئابلۆقه ئابوورییه بکات که کراوه‌ته سه‌ری و هاووڵاتییان و حکوومه‌تی ئێران بتوانن به‌ره‌نگاری سزاکان ببنه‌وه. دووهه‌م؛ وڵاته‌کانی ناوچه‌که‌ش ده‌ور ده‌بینن تورکیا و عێراق و وڵاتانی که‌نداو، پاکستان و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌یان که سنووریان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه یان له ئێرانه‌وه نزیکن چۆن ڕه‌فتار ده‌که‌ن و به چ شێوه‌یێک پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌مریکا ده‌بن یان نابن. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆم ئیتیفاقی کردووه و شوێن ئه‌مریکا نه‌که‌وتوون و ڕێککه‌وتنه‌که‌یان هه‌ڵنه‌وه‌شاندۆته‌وه بۆیه ده‌بێ ئه‌وانیش پابه‌ند بن به‌و ئیتیفاقاتهی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یانه چ له بواری بازرگانی و چ له بواره‌کانی دیکه‌ش. لایه‌نێکی دیکه‌ی بابه‌ته‌که‌ش ده‌وڵه‌تی ڕووسیایه که ده‌ور ده‌بینێت. هه‌موو ئه‌م شتانه به‌یه‌که‌وه ده‌ور ده‌بینن واتا حکوومه‌تی ئێران خۆی له‌لایێکه‌وه و وڵاتانی دیکه‌ش له‌لایێکی دیکه‌وه. من دڵنیام ئه‌مریکا ناتوانێت هه‌مووی جێبه‌جێ بکات. ڕه‌نگه هه‌ندێک کێشه دروست بکات به‌س وه‌کوو ئه‌و شته‌ی تره‌مپ ڕایده‌گه‌یێنێت نابێت و ناتوانن هه‌موو شته‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن نه له ئێران و نه له ده‌وروبه‌ری و نه له ئه‌ورووپاش.
کوردپرێس: خوێندنه‌وه‌تان بۆ داهاتووی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و واشنتۆن چییه؟ ئه‌م دژایه‌تییه‌ی ئه‌مریکا گرتوویه‌ته‌به‌ر به‌ره‌و چ ئاراسته‌یێک ده‌کشێت؟
مه‌حموود عوسمان: هیوادارم هه‌موو کێشه‌کان به کێشه‌ی ئێران و ئه‌مریکاشه‌وه له ناوچه‌که‌دا به ئاشتی چاره‌سه‌ر بکرێن و گرفتی بۆ ناوچه‌که دروست نه‌بێت یه‌عنی له‌باره‌ی ئێران و ئه‌مریکاوه نه‌وعه گفتوگۆ و چاره‌سه‌رێک هه‌بێت بۆ عێراقیش باشتره چوونکه عێراق نابێته ساحیبی ململانێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌که ئاڵۆز بێت بۆ عێراقیش خراپتره چوونکه میلله‌تی عێراق مه‌شاکیلی دیکه‌شی هه‌یه.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی/ به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان
داگرتن و داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment