دوورنواڕی دانووستانی کورد له‌گه‌ڵ دیمه‌شق(1)

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- نووسه‌ر و هه‌واڵنێری ئه‌فریقای باشوور که‌ دانیشتووی ئۆستراڵیایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ هه‌رچه‌ند به‌شار ئه‌سه‌د نایه‌وێت داوای کوردی سووریا سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر قبووڵ بکات به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی نێوان کورد و دیمه‌شق له‌ئارادایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌ عێراق و سووریا بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزه‌ کوردییه‌کانی ئه‌و دوو وڵاته‌ کارامه‌ییی خۆیان به‌ جیهان پیشان بده‌ن و سه‌رنجی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی بۆ دۆخی کورد ڕابکێشن. کورده‌کانی عێراق و سووریا له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش پێشه‌نگن و توانییان له‌م ڕێبازه‌شدا هه‌ندێک ده‌ستکه‌وت وه‌ده‌ست بێنن به‌ڵام کوردی سووریا که‌ ساڵگارێک ناوونیشان و ناوبانگێکی نه‌بوو به‌ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعشه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ڕاوه‌دوونانی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ ناوچه‌یێک به‌ ڕووبه‌ری یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا به‌ستێنیان بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر فه‌راهه‌م کرد. له‌ ئێستادا کوردی سووریا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییێکی خۆسه‌ری له‌و ناوچانه‌ دامه‌زراندووه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ زۆرینه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ سه‌رچاوگه‌ی نه‌وت، ئاو و گازن و له‌ ڕووی کشتوکاڵه‌وه‌ زه‌وینێکی پڕپیتی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ نایانه‌وێت هه‌رگیز کۆنتڕۆڵ‌کردنی ئه‌م ناوچانه‌ له‌ده‌ست بدات و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌م دۆخه‌ هه‌ندێک کێشه‌ و ئاڵنگاری له‌ به‌رده‌م کورد دروست کردووه‌؛ ئه‌مریکا هاوپه‌یمانیی سه‌ره‌کیی کورد ده‌یهه‌وێت هێزه‌کانی له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد بکشێته‌وه‌، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا که‌ هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی شه‌ڕی ناوخۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ڕاده‌ستی کورد کرد له‌ ئێستادا ده‌یهه‌وێت دووباره‌ ئه‌و ناوچانه له‌ ڕێگای ئاشتییانه‌ یان به‌ زه‌بری زۆره‌وه کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌‌ و تورکیاش خۆی بۆ ده‌ست پێکردنی شه‌ڕێکی ته‌واو عه‌یار بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ئاماده‌ کردووه‌.

له‌م نێوانه‌دا کورده‌کانی سووریا ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز نایانهه‌وێت له‌ سووریا جیا ببنه‌وه‌ و داوای ئه‌نجامدانی دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕێککه‌وتنێک بگه‌ن که‌ ڕه‌مه‌زاندیی کورد و به‌شار ئه‌سه‌دی لێبکه‌وێته‌وه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن نووسه‌ر و هه‌واڵنێری ئه‌فریقای باشوور و دانیشتووی ئۆستراڵیا له‌باره‌ی کاروباری کورد کردووه‌ که‌ له‌ به‌شی یه‌که‌می دیمانه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ ناوبراو په‌یوه‌ندیی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا و هه‌روه‌ها دوورنواڕی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ داهاتوودا لێک دراوه‌ته‌وه‌.

پێگه‌ی کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا

دۆبۆسۆن گه‌شبینیی خۆی بۆ ڕێککه‌وتنی نێوان کورد و دیمه‌شق ڕاده‌گه‌یێنێت به‌ڵام پێی وایه‌ که‌ به‌شار ئه‌سه‌د ئاماده‌ نییه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌ت وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر ئیمتیاز به‌ کورد بدات. دۆبۆسۆن به‌ کوردپرێس ده‌ڵێت: "گریمانه‌ی ڕێککه‌وتنی نێوان کورد و به‌شار ئه‌سه‌د له‌ئارادایه‌ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ عه‌قڵییه‌تی دیمه‌شق له‌باره‌ی کورد نه‌گۆڕاوه‌ و مه‌یلێکیشی بۆ دانووستان له‌گه‌ڵیان نییه‌ که‌واته‌ پێناچێت دیمه‌شق بیهه‌وێت له‌باره‌ی هه‌ندێک بابه‌ت هه‌ڤیازی به‌ کورد بدات که‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئیداری خۆسه‌ری باکووری سووریاوه‌ گرنگه‌ و یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری سیاسی، فره‌چه‌شنی و یاسای مه‌ده‌نییه‌."

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ پێشینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی حکوومه‌تی ئێستای سووریا بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: کورد له‌م ساڵانه‌دا به‌ره‌وڕووی کێشه‌ و ئاڵنگارییێکی زۆر بۆته‌وه‌ و نه‌یتوانیوه‌ داواکارییه‌کانی له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ده‌سته‌به‌ر بکات. دۆبۆسۆن پێی وایه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا ده‌وڵه‌تی سووریا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، هه‌بوون و سه‌ربه‌خۆییی ئیتنیکه‌کانی به‌ فه‌رمی نه‌ناسیوه‌ و هه‌وڵه‌کانی بۆ دامه‌زراندنی وڵاتێکی به‌ته‌واوه‌تی عه‌ره‌ب چڕ کردۆته‌وه‌.

نووسه‌ره‌ ئۆستراڵییه‌که‌ ده‌شڵێت: سیاسه‌تی دامه‌زراندنی وڵاتێکی به‌ته‌واوه‌تی عه‌ره‌ب له‌ ڕابردوو تاکوو ئێستا له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر.

هه‌واڵنێره‌که‌ی کاروباری کوردی دانیشتووی ئۆسترالیا له‌باره‌ی گۆڕینی دۆخی سیاسیی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سووریا به‌ کوردپرێسی وت: "له‌ کاتێکدا شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ ساڵی 2011 سه‌ری هه‌ڵدا کورده‌کانی باکووری سووریا وه‌ک دیکه‌ی ناوچه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و داوای پێدانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی سیاسی و یاسای مه‌ده‌نییان له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا کرد. کورده‌کان و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کانی باکووری سووریا یه‌کیان گرته‌وه‌ و هێزێکی میلیشیاییی سه‌ربازییان پێکهێنا و تێكڕای ناوچه‌ کوردنشینه‌کانیان کۆنتڕۆڵ کرده‌وه‌ جیا له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی قامیشڵۆ و حه‌سه‌که."

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری کورد پێشی وایه‌ "هاوپه‌یمانیی سیاسیی زاڵ له‌سه‌ر باکووری سووریا ناسراو به‌ بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای دیموکرات (TEVDEM) به‌ سه‌رکردایه‌تیی پارتی کوردیی دیموکراتی سووریا (PYD) -که‌ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندئیتنیکیی باکووری سووریای دامه‌زراندووه‌- ده‌یانهه‌وێت ئایدیای دامه‌زراندنی وڵاتێکی به‌ته‌واوه‌تی عه‌ره‌ب تێکبشکێنن و ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێک له‌ ئایدیای بزووتنه‌وه‌که بۆ پڕۆژه‌یێکی گه‌وره‌تر له‌ باکووری سووریا له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌‌ که‌ ئامانجه‌که‌ی دامه‌زراندنی پڕۆژه‌یێکی چه‌ندئیتنیکیی فره‌خواز و دیموکراته‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژی کۆنفیدراڵی دیموکرات یه‌ک بگرێته‌وه‌. له‌ ئێستادا ئه‌م ئایدیا له‌ باکووری سووریا جێبه‌جێ ده‌کرێت. من بۆ ئه‌وه‌ باسم له‌م پێشینه‌یه‌ کرد تا تێڕوانین و ڕوانگه‌ و مه‌نتیقی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتی سووریا، لقی سیاسیی هێزی سووریای دیموکرات بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا باشتر ده‌رک بکه‌ین."

دۆبۆسۆن له‌باره‌ی مه‌نتیق و ڕوانگه‌ی دیمه‌شق له‌سه‌ر دانووستان له‌گه‌ڵ کورد ده‌شڵێت: "مه‌نتیق و ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق له‌ دانووستانه‌کان جیاوازییێکی زۆری له‌گه‌ڵ مه‌نتیق و ڕوانگه‌ی کورده‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شار ئه‌سه‌د له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی شه‌ڕ له‌ سووریا به‌ شێوه‌ی ڕاشکاوانه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئامانجی ناوبراو وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری خاکی سووریا له‌وان باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریایه‌ که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌ کوردییه‌کاندایه‌. سوپای عه‌ره‌بیی سووریا به‌ یارمه‌تیی فڕۆکه‌کانی ڕووسیا و هێزی هاوپه‌یمانان هه‌وڵه‌کانی خستۆته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کۆنتڕۆڵ‌کردنه‌وه‌ی دووباره‌ی سه‌رجه‌م شاره‌کانی سووریا له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه‌ دڵنیا ببێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق هه‌موو توانای سه‌ربازیی خۆی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانجه‌که‌ی بگات. ده‌وڵه‌ت پێشنیازی به‌ ئۆپۆزیسیۆن کردووه‌ له‌ جیاتی پاراستنی گیانیان خۆیان ته‌سلیمی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن. ئه‌وانه‌ی که‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی ڕق و کینی ده‌وڵه‌ت ده‌بنه‌وه‌ هه‌روا که‌ دیمه‌شق له‌ ڕابردوودا ئیراده‌ی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی به‌ته‌واوه‌تی ناوچه‌کانی سووریا نیشان داوه‌."

دانووستانی تاقه‌ت‌پڕووکێنی نێوان کورد و دیمه‌شق

ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن پێی وایه‌ که‌ ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی کوردی سووریا له‌وان ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی عه‌قڵییه‌تی دیمه‌شق هه‌وڵه‌کانیان بۆ ده‌ست پێکردنی دانووستان چڕ کردۆته‌وه‌. "ئامانج له‌ دانووستانی کورد له‌گه‌ڵ ده‌یمه‌شق وه‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌ته‌ بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی پڕۆژه‌ی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکرات و هه‌روه‌ها زیادکردنی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌یه‌ که‌ کورد له‌ درێژاییی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش وه‌ده‌ستی هێناوه‌."

دۆبۆسۆن ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: "دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق به‌ شیوه‌یێکی تاقه‌ت‌پڕووکێن و هێواش به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت و ده‌وڵه‌تیش خواستێکی بۆ قبووڵ‌کردنی داواکارییه‌کانی کورد نییه‌. به‌ بۆچوونی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتی سووریا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی سیاسی و یاسای مه‌ده‌نیی کورد گرنگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌ و ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ر گه‌یشتن به‌و داواکارییه‌ پێشنیازیان کردووه‌ که‌ هێزی سووریای دیموکرات له‌ ناو سوپای سووریا تێکه‌ڵ ببێت و هه‌ندێک هه‌ڤیازی دیکه‌ به‌ دیمه‌شق بده‌ن له‌وان کۆنتڕۆڵ‌کردنی هه‌ندێک ناوچه‌ی سووریا به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هێشتا مه‌یلێکی بۆ ئه‌نجامدانی دانووستان له‌گه‌ڵ کورد نییه‌ و داوای کشانه‌وه‌ی تێکڕای هێزه‌ بیانییه‌کان له‌وان تورکیا و ئه‌مریکا له‌ سووریا ده‌کات که‌ له‌سه‌ر داوای دیمه‌شق نه‌هاتوونه‌ته‌ ناو ئه‌و وڵاته‌. ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسه‌ کورده‌کان وه‌ک ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆکی پێشووی YPG کۆنتڕۆڵ‌کردنی دووباره‌ و به‌ته‌واوه‌تی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر وڵات قبووڵ ناکه‌ن و پێیان وایه‌ که‌ ده‌بێ دیمه‌شق ڕێز بۆ ئه‌و ئیتنیکانه‌ دابنێت که‌ پێشتر ئاوڕێکی له‌ داواکارییه‌ ڕه‌واکانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌."

دووڕنواڕی دانووستانه‌کان

دۆبۆسۆن نووسه‌ر و هه‌واڵنێری دانیشتووی ئۆستراڵیا له‌باره‌ی دوورنواڕی دانووستانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌ڵێت: "به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هۆکاره‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان و هه‌روه‌ها ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌مریکا له‌سه‌ر دانووستانی نێوان کورد و دیمه‌شق پێناچێت چاره‌سه‌رکردنی سیاسیی بابه‌ته‌که‌ مومکین بێت. هه‌رچه‌ند مومکینه‌ گریمانه‌ی ڕێککه‌وتنی نێوان کورد و به‌شار ئه‌سه‌د له‌ئارادا بێت به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئایدیۆلۆژیی دژبه‌یه‌کی دوو لایه‌ن ناکرێ بیر له‌ چاره‌سه‌رکردنی به‌ته‌واوه‌تی بابه‌ته‌که‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا بکه‌ینه‌وه‌."

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53385

Your Comment

You are replying to: .
captcha