بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە رۆژنامەی بەیان-ی ئیماراتی راگەیاندووە: تورکیا ئاستەنگ بۆ چارەسەریی دۆخی سووریا دروست دەکات و بەشار ئەسەدیش تائێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە بۆ بەفەرمی ناساندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری سووریا.
فەرماندەکەى هەسەدە وتوویەتی: ئەوەی دەوترێت ئەمەریکا ئاستەنگ بۆ گفتوگۆ و دانووستانەکانی نێوان ئێمە و حکوومەتی سووریا دروست کردووە، دوورە لە راستییەوە و تەنها تورکیا دەیەوێت بە هەرشێوەیێک بێت بەردەوام بێت لە دەستوەردانەکانی لە باکووری سووریا.
هەروەک ئاماژەی بەوە کردوە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان تا ئیستا چەندجارێک باسی چالاک کردنەوەی پەیمانی ئەدەنە-ی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە کردووە تەنها بۆ دژایەتیی کوردانی سووریا.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، مەزڵووم کۆبانێ جەختى کردوەتەوە لەوەى کە کورد و گەلی باکووری سووریا ناوچەی ئارامێکیان ناوێت کە لە لایەن تورکیاوە بەڕێوەبچێت و دەڵێت: "ئێمە ناتوانین بێ عەفرین باسی ئاسایش و سەقامگیریی لە سووریا بکەین، چوونکە مەبەستی سەرەکیمان پێش هەر شتێک رزگارکردنی ئەو شارەیە لەژێر دەستی تورکیا و چەکدارەکانی".
فەرماندەکەی هەسەدە جەختی کردوەتەوە؛ هێزەکەیان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و ئاشووری و سریانی هەوڵی پاراستنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەدات و ئەو پێکهاتانە سەلماندوویانە دەتوانن لە چوارچێوەی سیستمی خۆبەرێوەبەریدا ناوچەکانیان بپارێزن و بەڕێوەی بەرن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment