عه‌بدولمه‌هدی ناوی دوو کاندیدی کورد و سوننه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌کانی داد و په‌روه‌رده‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیارده‌ری په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته‌ ناوی دوو کاندیدی کورد و سوننه‌ی بۆ وه‌زاره‌ته‌کانی داد و په‌روه‌رده‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان کردووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی نیسانی 2019 خه‌دیجه‌ عه‌لی بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی گوتووه‌: "عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌ نووسراوێكی فه‌رمی ناوی دوو كاندیدی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی داد و په‌روه‌رده‌ی عێراق ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌ پاش ئه‌وه‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌."

ناوبراو گوتیشی: "كاندیدی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ناوی "سه‌فانه حسێن‌ حه‌مه‌دانی"یه‌ و خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌یه‌ و كاندیدی وه‌زاره‌تی دادیش ناوی (ئه‌ركان قادر وه‌لی كه‌ریم بیبانی)یه‌ و پێشبینی ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ر دوو كاندیده‌كه‌ بدرێت."

بڕیارده‌ره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: "دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر ناوی ئه‌م دوو كاندیده‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ناوی كاندیده‌كانی پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگریش ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی ده‌كات."

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگ له‌ پێدانی ده‌نگی متمانه‌ی په‌رله‌مانتاران به‌ کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی وه‌زیرانی چوار کابینه‌ی ناوبراو واتا به‌رگری، ناوخۆ، داد و په‌روه‌رده‌ نادیاره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53361

Your Comment

You are replying to: .
captcha