بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌سروور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا - کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکات .

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئاداری 2022، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، پوختەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە بازرگانییەکە خستەڕوو کە بە هەماهەنگی نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا- کوردستان ڕێکخراوە و لە نوێنەرانی دوازدە کۆمپانیاى جیاوازی ئەمەریکی لە بوارەکانی پیشەسازى خۆراک، وزە، تەکنەلۆجیا و نیشتەجێبوون پێکهاتووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانی شاندی بازرگانی ئەمریکی، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کە ئامانجی سەرەکی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە.

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە و لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین، لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و دەستووری بۆ کێشەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، كار و بەرنامەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو.

News Code 5335

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha