کوردپرێس:
عیدۆ بابه شێخ ئه‌ندامی جڤاتی ڕۆحانی ئێزیدییه‌كان داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ى ئه‌و منداڵانه ئێزدییانه ده‌کات که کێشه‌ی پێنه‌دانی ناسنامه‌یان هه‌یه و له په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت پرۆژه‌یاسایێک ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق یاسای باری كه‌سێتی عێراق بكاته‌وه به‌جۆرێک مافی ناسنامه و ڕه‌گه‌زنامه ببخشێته ئه‌و منداڵه ئێزیدییانه‌ی كه به‌هۆی ده‌سترێژی سێكسی چه‌كدارانی داعشه‌وه بۆ سه‌ر دایكانی ئێزیدی له دایک بوون.
له كاتێكیشدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی یاسایی‌ی ئه‌و منداڵه ئێزیدییانه تا ئێستا چه‌ندین پێشنیاز خراونه‌ته‌ڕوو له‌مباره‌شه‌وه بێگه‌رد تاڵه‌بانی په‌رله‌مانتاری كوردستان ده‌ڵێت: هه‌وڵێک له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هه‌یه بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌بڕیارێک بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت تاكوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی عێراقی بكرێته‌وه به‌جۆرێک مافی ده‌رهێنانی ناسنامه بدرێته ئه‌و منداڵه ئێزیدییانه‌ی كه به‌هۆی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعشه‌وه له‌دایک بوونه.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ڤیان ده‌خیل ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق به كوردستان 24ی گوت: "لای ئایینی ئێزیدی هیچ كه‌سێک نابێته ئێزیدی ئه‌گه‌ر له دایک و باوكێكی ئێزیدی نه‌بێت و كێشه‌ی ئه‌و منداڵانه ته‌نیا لای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق نییه، به‌ڵكوو كێشه‌ی گه‌وره لای كۆمه‌ڵگای ئێزیدییه."
ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "ده‌بێت ئه‌و كیشه‌یه له ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانی چاره‌سه‌ر بكرێت و ده‌رفه‌ت به‌و منداڵانه بده‌ن چۆن پیشوازی له‌و كچانه كرا كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ده‌ستدرێژییان كرایه سه‌ر، به هه‌مان شێوه ئه‌و منداڵانه‌ش له ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانی قبووڵ بكرێن."
شایانی باسه؛ تا ئێستا نازانرێت ژماره‌ی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی ئێزیدی چه‌نده كه بوونه‌ته قوربانی ده‌ستدرێژییه سێكسییه‌كانی چه‌كدارانی داعش به‌ڵام زانیارییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن نزیكه‌ی 3 هه‌زار ئێزیدی كه زۆربه‌یان ژن و منداڵن و پێشتر له‌لایه‌ن چه‌كدرانی داعشه‌وه ڕفێندرابوون تا ئێستا چاره‌نووسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه و هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ دۆزینه‌وه و ڕزگاركردنيان به‌رده‌وامن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment