بەپێی هەواڵی کوردپرێس عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی ئێران هەرگیز دوژمنایەتیی هەندێک وڵات لە قۆناغە هەستیارەکاندا لە بیر ناکات. مەبەستی ناوبراو بەحرەین و سعوودیە بوو کە پاش ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کڕینی نەوتی ئێران لە هەموو وڵاتان قەدەغە دەکات هەر دوو وڵاتی سعوودیە و بەحرەین پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ کرد و وتیان کورتهێنانی نەوت لە بازاڕەکاندا پڕ دەکەنەوە و دەبن بە بەدیلی ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت.
مووسەوی ئەوەشی زیاد کرد بڕیارەکەی سعوودیە و بەحرەین سەلماندی ئەو دوو وڵاتە کوێرکوێرانە شوێن ئەمریکا کەوتوون و دەرک بە ئەنجامی ئەو بڕیارەیان ناکەن.
شیاوی ئاماژەیە ساڵی پار ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و سزای ئابووریی بە سەر ئێراندا سەپاند بەڵام لەبەر تێکنەچوونی بازاڕی نەوت لێخۆشبوونی بۆ 8 وڵات ڕاگەیاند کە تا ڕۆژی 2ی ئایار بە ڕێژەی دیاریکراو نەوتی ئێران بکڕن. ڕۆژی دووشەمە 22ی نیسان واتا 10 پێش کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوونەکە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەو لێخۆشبوونە درێژ ناکرێتەوە و چیتر هیچ وڵاتێک بۆی نیە نەوتی ئێران بکڕێت. مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند ئامانجی کۆشکی سپی ئەوەیە داهاتی نەوتی ئێران بگەیێنێتە سیفر بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بڕیارەکەی کۆشکی سپی کاردانەوەی جیاجیای فراوانیشی لە ئاستی نێوخۆ و جیهان لێکەوتەوە.
Your Comment