ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌کیی په‌لاماردانی سه‌رۆکی CHP ئازاد کرا

به‌شی تورکیا- ئه‌و هاووڵاتییه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی چوبوکی سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نقه‌ره‌ له‌ پرسه‌ی سه‌ربازێكدا هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په‌ و بۆكسی لێدا و به‌و تۆمه‌ته‌یش ده‌ستگیر كرا، له‌لایه‌ن دادستێنه‌وه‌ به‌ مه‌رج ئازاد كرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 24ی نیسانی 2019 عوسمان ساریگون ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌کیی په‌لاماردانی سه‌رۆکی CHP دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا ڕه‌وانه‌ی دادگای چوبوکی سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نقه‌ره‌ كرا و له‌وێ به‌ مه‌رج ئازاد كرا.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 21ی نیسان كه‌ماڵ قڵیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په‌ له‌ میانی به‌شداری كردنی له‌ پرسه‌ی سه‌ربازێكدا له‌ ناوچه‌ی ئاكوزلوی شارۆچكه‌ی چوبوک ڕووبه‌ڕووی هێرش بووه‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد نۆ گومانلێكراو ده‌ستگیر كران كه‌ عوسمان ساریگونیان له ‌نێودا بوو. دوای لێکۆڵینه‌وه‌ سێ که‌س له گومانلێکراوان ئازاد کران و پێنج که‌سی دیکه‌شیان دوای ڕه‌وانه‌کردنیان بۆ دادگه‌ به‌ مه‌رج ئازاد کران به‌ڵام عوسمان ساریگون ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌کیی هێرشه‌که‌ ڕه‌وانه‌ی زیندان کرا که‌ دوای لێکۆڵێنه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی دادگا و له‌وێ به‌ مه‌رج ئازاد کرا.

به‌ دوای ئازادکرانی عوسمان ساریگون وێنه‌یێک له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ هه‌ندێک که‌س چوونه‌ته‌ ماڵه‌که‌ی و ماچی ئه‌و ده‌سته‌ی ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ بۆکسی له‌ سه‌رۆکی جه‌هه‌په‌ دابوو.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی بیرگون

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53311

Your Comment

You are replying to: .
captcha