کوردپرێس:
پاش ڕووخانی سەدام پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆوە بینیوە. عیلاقاتی نێوان هەولێر و بەغدا پێش سەرهەڵدانی داعش تووشی بەستەڵەک بوو و هۆکاری ئەو بەستەڵەکەی نێونیان دەگەڕایەوە بۆ مەسەلەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کە هەولێر سەربەخۆ ئەو نەوتەی دەفرۆشت. سەرهەڵدانی داعش بەشێکی زۆری هاوکێشەکانی دەسەڵاتی گۆڕی و کورد پاش شکستدانی داعش بوو بە فەرمانڕەوای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان کە زۆر دەم بوو خەونی ئەو مەسەلەیەی دەبینی. بەڵام ڕووداوەکانی پاش داعش و بەتایبەتی مەسەلەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ململانێ و گرفتی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەند و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو 16ی ئەکتەوبر عێراق هێزی بەرەو کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان جووڵاند و کوردی لەو ناوچانە دەرکرد و دەستی بە سەر ناوچەکاندا گرتەوە.
هەڵبژێردرانی عادل عەبدولمهەدی وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق زەمینەی خۆش کرد کە پێوەندیی نێوان کورد و بەغدا دیسان خۆش ببێتەوە. لە بەر ئەوەی عەبدولمەهدی بە کەسایەتییێکی دۆستی کورد ناسراوە. هەر بۆیەش زۆرینەی ئەو سزا و گەمارۆیانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادیدا بە سەر هەولێردا سەپێنرابوو هەڵگیران و مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە سەردەمی نووری مالیکیدا بڕابوو دیسان نێردرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی لێکدانەوەی دۆخی ئێستای پێوەندییەکانی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەند گفتوگۆیێکی لەگەڵ جەمیل کردووە کە توێژەرێکی کاروباری عێراقە .
دۆخی ئێستای پێوەندییەکانی کورد و بەغدا
جەمیل چاودێری سیاسی بۆ کاروباری عێراق لەبارەی ئاستی پێوەندییەکانی ئێستای کورد و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە کوردپڕێسی وت: بە ڕای من هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە پێوەندییێکی پتەو و تۆکمە لەگەڵ بەغدا دروست بکات و دۆخی ئێستای پێوەندییەکان بئەوەیە کە بەغدا بۆ پاراستنی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات و بە بۆنەی ئەو سیاسەتەی حکوومەتی هەرێمی گرتوویەتە بەر پێوەندییێکی ئاسایی و باش لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە.
ناوبراو هۆکاری ئەو پێوەندییە نەشیاوە دەگێڕێتەوە بۆ ڕکابەریی سیاسی و هەوڵی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتر و دەشڵێت: "شەڕی دەسەڵات لە نێوان دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا بۆتە هۆی لێکترازانی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و زەمینەی دژایەتی کردنی یەکدی خۆش دەکەن هەر لە بەر ململانێی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە ئیلتیزام کردن بە ڕێککەوتنەکانەوە ناکرێت و بۆیەش بەغدا ناتوانێت پشت بە دانووستان لەگەڵ هەولێر ببەستێت.
هەڵوێست هەولێر و بەغدا لەبارەی کەرکووکەوە
ئەو چاودێرە سیاسییە پێچەوانەی زۆرینەی چاودێرانی دیکە بڕوای وایە مەسەلەی کەرکووک یەکلا کراوەتەوە و هەولێر و بەغدا لە بارەی کەرکووکەوە ڕێککەوتوون.
جەمیل لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە: "من دەڵێم هەر دوو لا پێشتر لەبارەی کەرکووکەوە ڕێککەوتبوون لە بەر ئەوەی ئەکتەوبری 2017 کە عێراق هاتەوە کەرکووک و کورد شارەکەی چۆڵ کرد بە ئاشکرا دیار بوو کە کۆنتڕۆڵی ئەو شارە بە دەست دەوڵەتی ناوەندەوەیە. بە قەناعەتی من ئەگەر کورد بۆ هێشتنەوەی کەرکووک شەڕی کردبا مەسەلەکە زۆر جیاواز دەبوو بەڵام بینیمان کورد بە بێ جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەشی چۆڵ کرد ئەوە دەری دەخات کە کورد و بەغدا پێشتر لە سەر ئەو مەسەلەیە ڕێککەوتوون."
فرۆشتنی نەوتی هەرێم
ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری عێراق بڕوای وایە سێ دەوڵەتی ڕابردووی عێراق کە پێش عەبدولمەهدی دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو دژی ئەوە بوون کورد سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت هەر بەو بۆنەیەشەوە سزای هەولێریان دەدا. جەمیل لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: "سێ دەوڵەتی پێشووی عێراق پێش عەبدولمەهدی هەرگیز ملیان بەوە نەدابوو کە هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت هەر بۆیەش سزای جۆربەجۆریان بە سەر هەولێردا سەپاند. بەڵام ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم بەڵێنی داوە نەوتەکە ڕادەستی بەغدا بکات و بەم شێوەیە تا ئێستا لە سزاکانی بەغدا ڕزگار بووە. بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان پێبەندی بەڵێنەکەی نەبێت دەوڵەتی عەبدولمەهدیش سزیا هەولێر دەدات و ڕەنگە پێویستیش بکات زیاتر لەو سزایەی عەبادی سەپاندی بە سەر هەرێمدا بسەپێنێت."
ئەو چاودێرەی کاروباری سیاسیی عێراق لە کۆتاییدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "دەوڵەتە پێشووەکان سوودی خۆیانیان لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم بردووە بەڵام چیتر لەم کەشە سیاسییەی عێراقدا ئەو مەسەلەیە ناگونجێت. هەرێمی کوردستان زیاتر پێی خۆشە عەقڵییەتێکی بەعسی و سەدامی لە بەغدا حکومڕانی بکات لەبەر ئەوەی بیانووی دەست دەکەوێت کە سەربەخۆ نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت بەڵام تا ئەم کاتەش کورد تەعامولی لەگەڵ دەوڵەتی دیپڵۆماتیکی بەغدا بووە و عەقڵییەتی کوردیش هێشتا خۆی ئامادەی ئەو جۆرە پێوەندییە نەکردووە.
Your Comment