حەسەن ڕۆحانی: ڕێگە نادەین دەستی بیانی تەداخولی پێوەندییەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد بکات

بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستاندا ڕایگەیاند: ڕێگە بە هیچ وڵاتێکی دیکە نادەن ئاستەنگ بۆ فراوان کردنی پێوەندییەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد دروست بکات.

کوردپرێس:

عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دووشەمە 22ی نیسان گەیشتە تاران و لەلایەن حەسەن ڕۆحانییەوە پێشوازیی لێکرا.

پاش دیدار و کۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئێرانی و پاکستانی، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران و عێمران خان سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆنفڕانسێی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان بەڕێوە برد و لەو پرێس کونفڕانسەدا ڕۆحانی ڕایگەیاند بەردەوامن لە دەوڵەمەندکردنی عیلاقاتی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد و ڕێگە بە هیچ دەسەڵات یان وڵاتێکی دیکە نادەن پێوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان تێکبدات.

هەر لە پرێس کونفڕانسەکەدا ڕۆحانی دووپاتی کردەوە کە هەردوو لا سوورن لە سەر فراوان کردنی ئاستی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە دەوڵەتی پاکستان توانیویەتی لە ماوەی ڕابردوودا جووڵەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سەر سنووری نێوان ئێران و پاکستان کۆنتڕۆڵ بکات.

ڕۆحانی گوتیشی لە دیدارەکەی لەگەڵ عیمران خاندا ڕێککەوتوون لە سەر ئەوەی ژمارەی پاسەوانەکانی سەر سنوورەکان زیاد بکەن بۆ بۆشاییی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات پڕ بکرێتەوە.

سەرکۆماری ئێران ئەوەشی ئاشکرا کرد کە عیمران خان بانگهێشتی نابراوی کردووە سەردانی ئیسلام ئاباد بکات و ئەویش بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە و لە داهاتوویێکی نزیکدا سەردانی پاکستان دەکات.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بە پێوەندیی مێژووییی نێوان ئێران و پاکستان کرد و ڕایگەیاند: ئێران و پاکستان و تورکیا ئەو سێ وڵاتە بوون کە ڕێکخراوی "ئیکۆ"یان دامەزراند و ئێستاش پێشوازی لە بووژاندنەوەی پێوەندیی سێ قۆڵیی نێوان ئێران و پاکستان و تورکیا دەکەین و ئامادەیشین ئاسانکاری بۆ تەواو کردنی پڕۆژەی هێڵی ئاستنی تورکیا بۆ پاکستان بکەین بۆ ئەوەی ئەورووپا و چین بە یەکەوە بلکێنێت.

News ID 53257

Your Comment

You are replying to: .
captcha