کوردپرێس: ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە چەند کۆبونەوەیێکی لەگەڵ ھێزەکانی ٧٠ و ھێزەکانی ٨٠ی پێشمەرگە کردووە، بۆ چۆنێتی یەکخستنەوەی ئەو هێزانە، کە تاوەکوو ئێستا یەکیان نەگرتوەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە:ڕھەوڵدەدەین بەم نزیکانە لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر سەرجەم خاڵەکانی پڕۆژەکەی یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و ھێزە ئەمریکاییەکان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر وتی: ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندی بە بابەتێکەوە نەبوو تا لەسەری ڕێکبکەوین، بەڵکوو کۆبوونەوەیێک بوو بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەیێکی ھاوکاری کە لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە بوودجەی حکوومەتی ئەمریکا بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخان کرابوو وەک قەرزێکی درێژخایەن بۆ حکوومەتی عێراق کە دەدرا بە چەک و تەقەمەنی بۆ ھەموو ھێزە شەڕکارەکانی عێراق بە ھێزەکانی سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە.
جەبار یاوەر روونیشی کردەوە ئەو بڕەپارەی دەدرا بەو هێزانەی شەڕی دژ بە داعشیان دەکرد، لەو بڕە پارەیەش پشکێک دیاری کرابوو کە نزیکەی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ ھەندێک بابەت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەکەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، جا ئەم تیمە ھاتبوون تا رێوشوێنەکان بگرنە بەر لە دابین کردنی ئەم پێویستیانە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment