به‌رپرسانی ئه‌مریکا: کوردی سووریا زیاتر له‌ 2 هه‌زار چه‌کداری داعشی ده‌ستگیر کردووه‌

به‌شی جیهان- به‌رپرسانی ئه‌مریکی ده‌ڵێین هێزی کوردی سووریا توانیویه‌تی زیاتر له‌ 2 هه‌زار چه‌کداری داعش ده‌ستگیر بکات که‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌یان له‌سه‌ره‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، چه‌ندین هه‌فته‌ پێش ئێستا هێزه‌کانی کوردی سووریا توانییان دوامۆڵگه‌ی ژێر ده‌ستی داعش له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ ناوی باغۆز کۆنتڕۆڵ بکه‌ن. کورده‌کان له‌و ناوچه‌یه‌دا ژماره‌یێکی زۆر چه‌کداری داعشیان ده‌ستگیر کرد که‌ خۆیان ته‌سلیمی هه‌سه‌ده‌ کردبوو. کورده‌کان ده‌ڵێین ئێستاکه‌ هه‌زاران چه‌کداری داعش و خێزانه‌کانیان له‌ هه‌ندێک که‌مپی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردن و ده‌بێ وڵاتانی دیکه‌ چه‌کدارانی بیانیی داعش بۆ وڵاته‌کانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ یان دادگه‌یێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دادگه‌یی‌کردنی چه‌کدارانی گومانلێکراوی داعش له‌ سووریا دابمه‌زرێنن چوونکه‌ کورد ئیمکاناتی پێویستی بۆ هێشتنه‌وه‌ی هه‌زاران چه‌کداری داعش و خێزانه‌کانیان نییه‌.

سێ به‌رپرسی ئه‌مریکی به‌ که‌ناڵی سی ئێن ئێنیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ کورد زیاتر له‌ 2 هه‌زار هاووڵاتیی بیانی (جگه‌ له‌ هاووڵاتییانی عێراق و سووریا) ده‌ستگیر کردووه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ گومانلێکراون به‌ ئه‌ندامێتی له‌ ناو گرووپی تیرۆریستیی داعش.

شان ڕابرتسۆن وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ سی ئێن ئێنی گوت که‌ ده‌توانێت پشتڕاستی بکاته‌وه‌ که‌ له‌ ئێستادا کورد زیاتر له‌ هه‌زار چه‌کداری داعشی ده‌ستگیر کردووه‌ که‌ له‌ 50 وڵاتی جۆراوجۆری جیهانه‌وه‌ په‌ڕیونه‌ته‌ ناو سووریا و ته‌ڤلی داعش بوونه‌. هه‌ڵبه‌ت پێده‌چێت به‌ وردبینییێکی زۆره‌وه‌ ژماره‌ی چه‌کدارانی بیانیی داعش له‌و ڕه‌قه‌مه‌ زیاتر بێت.

به‌رپرسانی ئه‌مریکی ده‌ڵێین: ئێستاکه‌ زیاتر له‌ 9 هه‌زار چه‌کداری داعش له‌لایه‌ن هێزی سووریای دیموکرات به‌ سه‌رکردایه‌تیی کورد ده‌ستگیر کراون که‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌ وڵاتانی عێراق و سووریان هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یێکی که‌م له‌ هاووڵاتییانی ئه‌مریکی بۆ ته‌ڤل‌بوون به‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش چوونه‌ته‌ سووریا.

هه‌روه‌ها کورد 60 هه‌زار که‌سی له‌ که‌مپه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی نیشته‌جێ کردووه‌ که‌ به‌رپرسانی ئه‌مریکی نیگه‌رانن سه‌ر به‌ داعش بن و به‌رپرسێکی ئه‌مریکیش ڕای‌گه‌یاندووه‌ پێناچێت ئه‌و که‌سانه‌ بێتاوان بن چوونکه‌ ویستوویانه‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بژین هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یێکیان ناچار بوونه‌ که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا بژین.

ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ڕاپۆرتێکدا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ ئێستادا که‌مپی ئه‌لهۆل گه‌وره‌ترین شوێنی هێشتنه‌وه‌ی خێزانه‌کانی داعشه‌ که‌ زیاتر له‌ 47 هه‌زار که‌س له‌و شوێنه‌دا ده‌ژین. هه‌ڵبه‌ت 65 له‌سه‌دی ئه‌و که‌سانه‌ ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵه‌. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ 43 له‌سه‌دی ئه‌و که‌سانه‌ سووری، 42 له‌سه‌دیان عێراقی و ژماره‌یێکی دیکه‌یان له‌ وڵاتی سێهه‌مه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو سووریا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53213

Your Comment

You are replying to: .
captcha