باشترین ڕێگای پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە جێگیر کردنی سوپای سووریا لە سەر سنوورەکاندایە

بەشی ئێران/کوردی- محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکە جێگیر کردنی ئەرتەشی سووریا لە سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و دڵنیایی لە نەبوونی هەرچەشنە جووڵەی تیرۆریستی دژ بە دەوڵەت و میللەتی تورکیایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا و نێوەندگیری کردن سەردانی ئەنقەرەی کردووە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵۆ هاوتای تورکیایی خۆی ڕایگەیاند: پێوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە ئاستێکی باشدایە و هیوادارین بەرەو پێش بچێت.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پەیامێکی لە سووریاوە بۆ تورکیا هێناوە وتی: لەسەردانەکەی دیمەشقدا گفتوگۆیێکی تێروتەسەلمان لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجام دا، ڕاپۆرتێک لە گفتوگۆی نێوانمان ڕادەستی جەنابی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەم. وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمانەوێت هەموو وڵاتانی ناوچەکە پێوەندییێکی باشیان لەگەڵ یەکتر ببێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئامادەبوونی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی فورات وتی: ئێمە ئاگاداری نیگەرانیی دۆستانمان لە تورکیاین و بەردەوام وتوومانە باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکە جێگیر کردنی ئەرتەشی سووریا لە سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و دڵنیایی لە نەبوونی هەرچەشنە جووڵەی تیرۆریستی دژ بە دەوڵەت و میللەتی تورکیایە.

لای خۆیەوە مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا دژی هەڵویستەکانی ئەمریکایە لەبارەی ئێران و گەمارۆکانی سەر ئێران و بە تیرۆریستی ناساندنی سوپا ڕەت دەکاتەوە.

لە درێژەدا چاوشئۆغڵۆ جەختی کردەوە لە پێوەندی باشی نێوان ئێران و تورکیا وەکوو دوو وڵاتی دراوسێ و وتی: ئێمە خوازیاری گەشەسەندنی پێوەندییەکانین بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانیدا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لەبارەی سووریا و دانووستانەکانی ئەستانە درێژەی هەیە و لەگەڵ ئێران ڕووسیا خەریکی دۆزینەوەی ڕێگایێکین بۆ ئاگربڕ لە سووریا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53177

Your Comment

You are replying to: .
captcha