عادل عه‌بدولمه‌هدی پێش مانگی ڕه‌مه‌زان سه‌ردانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی باڵای عێراق سه‌ردانی سعوودیه‌ ده‌کات و پێش مانگی ڕه‌مه‌زانیش سه‌ردانی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی نیسانی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دوای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌نجام دا و گوتی: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی نیسانی 2019 به‌ سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی باڵای حکوومه‌تی عێراق سه‌ردانی سعوودیه‌ ده‌کات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی ئه‌و وڵاته‌ له‌وان مه‌لیک سه‌لمان شانشینی سعوودیه‌ کۆ ده‌بێته‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی باسی له ‌په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و سعوودیه‌ کرد و وتی: "خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات هاتووه‌ته‌ ئاراوه و له‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ڕیاز چه‌ند ڕێککه‌وتنێک واژۆ ده‌کرێن و په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌کانی نێوان هه‌ر دوو وڵات به‌ره‌وپێش ده‌برێن."

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌شێکی دیکه‌ی لێدوانه‌که‌یدا له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا باسی له‌وه‌ کرد که‌ پێش مانگی ڕه‌مه‌زان سه‌ردانی هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌کات.

عه‌بدولمه‌هدی سه‌باره‌ت به بابه‌تی‌ به‌هه‌رێم کردنی به‌سره له‌ باشووری عێراق‌ ڕاشی‌گه‌یاند: بابه‌تی به‌هه‌رێم کردنی به‌سره‌ په‌یوه‌ندی به‌و پارێزگا و خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ پێشتر سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار به‌ که‌ناڵی ئارتیی عه‌ره‌بی ڕووسیای وتبوو که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ی نیسان شاندێکی باڵای عێراقی به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی عه‌ره‌بستان ده‌کات و شاندی یاوه‌ریی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ عه‌ره‌بستان پێکهاتووه‌ له‌ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وت و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروباری وزه‌، لوئه‌ی خه‌تیب وه‌زیری کاره‌با و محه‌مه‌د عانی وه‌زیری بازرگانیی عێراق.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53169

Your Comment

You are replying to: .
captcha