هه‌ولێر ئاماده‌ییی خۆی بۆ ناردنی گازی سروشتی بۆ ئه‌ورووپا ده‌رده‌بڕێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی وزه‌ و سامانی سروشتیی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خواست له‌سه‌ر گازی سروشتیی كوردستان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواكاریی كۆمپانیا ئه‌ورووپییه‌كان له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی گازی سروشتیی كوردستان هه‌یه‌.

کوردپرێس:

جه‌نان جه‌بار بۆیا ئه‌ندامی لێژنه‌ی وزه‌ و سامانی سروشتیی ‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ یه‌ده‌گی گازی سروشتیی كوردستان زیاتر له‌ سێ ترلیۆن مه‌تری سێجایه‌ و ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یێكی باشه‌ بۆ داهاتووی ناوچه‌كه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕی ئه‌ورووپا كه‌ ئێستا به‌دوای به‌دیلدا ده‌گه‌رێت و گوتی: "بازاڕی ئه‌ورووپا پێویستی به‌ گازی سروشتیی كوردستان هه‌یه‌ و ئێستا به‌دوای به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێین و ڕكابه‌رییێكی زۆریش له ‌نێو كۆمپانیاكاندا هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌می گازی سروشتی."

ناوبراو گوتیشی: "ڕووسیا یه‌كێک له‌و وڵاتانه‌یه‌ ده‌یه‌وێت بێته‌ پێشه‌وه‌ و گازی سروشتیی كوردستان هه‌نارده‌ بكات، ئه‌مه‌ هێشتا ڕه‌نگ بێت وه‌ک پلانی خۆیان بێت، چوونكه‌ كۆمپانیاكانیان له‌ كوردستان هه‌ن ئه‌گه‌ر هات و بیانه‌وێت گازی سروشتیی كوردستان هه‌نارده‌ بكه‌ن ده‌بێ گفتوگۆی تازه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن."

جه‌نان جه‌بار گوتی: "دیار نییه‌ هه‌رێمی كوردستان بازاڕی گازی سروشتیی ئه‌ورووپا پڕ ده‌كاته‌وه‌ یان نا به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ هیچ وڵاتێكه‌وه‌ كه‌ بیه‌وێت سیاسه‌تی خۆی له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی كوردستان فه‌ڕز بكات، پێش هه‌موو شتێک كوردستان به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا و توركیا و هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ ده‌توانن داواكاریی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن که‌ ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێت."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لێژنه‌ی وزه‌ و سامانی سروشتیی ‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: "میکانیزمی گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی به‌ دوو شێوه‌ ده‌بێت، به‌ بۆڕی و به‌ تانكه‌ر، شێوه‌یێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ له ڕێگای وێستگه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌بێت كه‌ قۆناغ به‌ قۆناغ ده‌ینێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ر كاتێک گازی سروشتی له‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكرێت ده‌بێ پێشوه‌خته‌ ئه‌م پرسانه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن و كارئاسانییان بۆ بكرێت."

جه‌نان جه‌بار ده‌شڵێت: "ڕه‌نگ بێت بازاڕی ئه‌ورووپاش خۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌ست بۆ ئه‌و پرسه‌ ببات بۆ نموونه ڕه‌نگ بێت به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ هه‌نارده‌كردن له‌ كوردستانه‌وه‌ ئاسانتر بێت تا ئه‌وه‌ی ڕووسیا خۆی دابینی بكات له‌وانه‌یه‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا خۆی میکانیزم بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌متر له‌سه‌ریان بكه‌وێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53163

Your Comment

You are replying to: .
captcha