هونەر لای ئێمە بێ قەدرە و ڕەنگە دواهەمین شتێک بێ کە بیری لێ بکەینەوە

بەشی فەرهەنگ و هەونەر- لەسەر دەنگۆی ناڕەزایی مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی هەرچەشنە پێرفۆرمەنسێک لە مەهاباد کچەکەی مامۆستا عەزیز شارۆخ ڕوون کردنەوە دەدات و ئەم هەواڵە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە.

ساوان شاڕۆخ کچی مامۆستا عەزیز شارۆخ بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ماوەیێکە دەبیسم کە ژمارێک لە هونەردۆستان، داوا دەکەن مامۆستا شاڕوخ کۆنسێرتێک لە شاری مەهاباد بەڕێوە ببات و گلەیی دەکەن کە هۆکاری ڕازی نەبوونی مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنی هەر چەشنە کۆنسێرت لە شاری مەهاباد چیە؟ هەر چەند من قەت لە جیاتی مامۆستا قسان ناکەم و بڕیاڕ نادەم، بەڵام وەک کچی ئەو، کە ساڵیان دەگەڵی ژیاوم و بەش بە حاڵی خۆم ئاگاداری دۆخەکە هەم، بە پێویستم زانی چەند مژار باس بکەم.

سەرەتا شایانی باسە دەنگۆی ناڕەزایەتیی مامۆستا لەسەر بەڕێوە بردنی هەر چەشنە پێرفۆرمەنسێک لە مەهاباد دوور لە ڕاستیە.

بۆ دەرکەوتنی ئەم بابەتە، ئاماژە دەکەم بەو کۆنسێرتانەی کە مامۆستا لە ساڵەکانی ۷۰، بۆ یارمەتی دان بە نەخۆشخانەی مەهاباد و نەخۆشانی گورچیلە بەڕێوەی برد و دەیان کورتە پێرفۆرمەنسی تر کە بە پێشنیاری سازمانی نیزام موهەندسی و ڕێخرووەکانی تر، لە ساڵانی ڕابردوو دا هاتە سەر سێن.

دووهەم زۆر بە گونجاوی دەزانم لەم قۆناغە دا، ئەو بابەتە بێنمە ئارا، ئەگەر وای داینێن کە مامۆستا ناڕازیە لە بەڕێو بردنی کۆنسێرت هۆکارەکەی چیە؟

من قەت نکۆڵی لە خۆشەویستیی هونەردۆستانی مەهاباد و ڕێز و پێزانینیان ناکەم، بە تایبە دوو ساڵ لەمەو بەر، کاتێک کە مامۆستا، تووشی کێشەی دڵ بوو خەڵکم دەدیت کە بە گیان و بە دڵ سەردانی دەکەن.

لە هەمان کات دا دەمهەوێ شتێک بە ڕوونی باس بکەم:" ئەو پیاوە هیچ کات بەوشێوازەی کە لە شارەکانی تر ڕێزیان گرت لە مەهاباد ڕێزی لێنەگیرا." ڕەنگە کەسانێک بە بیستنی ئەو قسەیە دڵگران بن بەڵام، چ تاڵ چ شیرن، ئەوە حەقیقەتی کۆمەڵگای مەیە. هونەر لەلای ئێمە بێ قەدرە و ڕەنگە دواهەمین شتێک بێ کە بیری لێ بکەینەوە. بەتایبەت ئەگەر لەلامان بێ و لێمان دوور نەبێ.

عەزیز شاڕوخ هەر ئەو پیاوەیە کە ڕەنگە چەند ڕۆژ جارێک بیبینین و سڵاوی لێبکەین ( هەر چەند کە من دوورم و ئەو ڕۆژانە حەسرەت بۆتەواوی ئەو کەسانە دەبەم کە تەنانەت لە پەنای ئەو پیاوە تێپەڕ دەبن) ئەو پیاوەی کە لە "چواڕڕای ئازادی" ساڵیانە بەسەر بەرزی ئیستریۆیێکی هەیە پڕە لە "ڕەسەنایەتی". گەنجینەیێکە پڕ لە هونەر و مێڕژوویێکی پەنجاساڵەی هونەری. ئێمە وا ڕاهاتووین کە کەسایەتی سادە و ساکار مان پێ گرینک نەبێ، دەبێ هونەرمەند یان بمرێ، یان لە دەرەوەی وڵات بێ. کە بزانین هەیە و ڕێزێکی تایبەت تری بۆ دانێین - دووری و پووری- .

با لەخۆمان بپرسین، ئێمە تا چ ڕادەیێک فەرهەنگی کۆنسێرت چوونمان هەیە؟کاتێک دەڕۆینە کۆنسێرتێک بە چ شێوازێک دەڕۆین و گوێ دەگرین کە چێژ لە هوونەر ببینین؟

ئایا بە ئارامی و بێ دەنگی گوێ ڕادەگڕین؟ لە هەمان کات دا چەندە ئامادەین بۆ دیتنی کۆنسێرتی هونەرمەندانی ڕەسەن لە گیرفانمان دانێین؟

هەر چەند، مامۆستا هەموو کات بابەتی هونەریی پێش ئابووری خستووە و قەت ئامانجی بیزینس کردن بە هونەر نەبووە هەر ئەو جورەی کە بەخۆی بە دەیان جار ئاماژەی پێ کردوە:" گۆرانی بێژی حێرفەیی من نیە".

لە کۆتایی دا لەبیرمان بێ:مەهاباد هەر ئەو شارەیە کە مامۆستا گۆرانی بۆ دەڵێ و هەستی شێعری بۆ دەجووڵێ و هەر ئەو زێدەیە کە سەرەڕایی تەواوی نەهامەتی و مەترسی لە ژیانی دا وازی لێ نەهێنا بە جێی نەهێشت.

هەر ئەو شارەی کە کاتێک سەفارەتی ئوستڕاڵیا لە تاران، بۆ دانی ویزا لە ساڵی 2014 وتووێژی دەگەڵ کرد لێان پرسی: "چ تەزمێنک هەیە کە تۆ بگەڕێوەوە بۆ وڵاتی خۆت؟" مامۆستا وڵامی دابوو: "دارو بەردەکانی مەهاباد ناگۆرمەوە بە تەوای ئوستڕاڵیا".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53150

Your Comment

You are replying to: .
captcha