فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق کوژرانی والی حه‌مرینی داعش پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق باس له‌ کوژرانی والی حه‌مرینی داعش و سێ یاریده‌ده‌ری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی هێلی بۆرندا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2019 عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سووڵ گوته‌بێژ به‌ ناوی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ کوشتنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش به‌پێی بوونی زانیاریی هه‌واڵگریی پێشوه‌خته‌ بووه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی نیشتمانیی عێراقه‌وه که‌ ئۆپه‌راسیۆنی هێلی بۆرنیان له‌ چیای حه‌مرینی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش ئه‌نجام دا.

عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سووڵ له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هێزی دژه‌تیرۆری عێراق والی حه‌مرینی داعش و سێ یاریده‌ده‌ریان کوشتووه‌.

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که ئۆپه‌راسیۆنی عێراق دژی داعش له‌ حه‌مرین به‌ هاوکاریی‌ فڕۆکه‌کانی سوپا و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌منیی چیای حه‌مرین له‌ژێر چاودێری و فه‌رمانده‌ییی لیوا ڕۆکن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی ئه‌نجام درا‌ و له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا ژماره‌یێک چه‌کداری داعش کوژران و هه‌ندێک حه‌شارگه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌که‌ له‌ناو بران.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53106

Your Comment

You are replying to: .
captcha