بەپێی هەواڵی کوردپرێس کونسێرتی خێرخوازیی شارام نازری هونەرمەندی ناسراوی کورد ڕۆژی 10ی گوڵان بەرانبەر بە 30ی نیسان لە زانکۆی پیشەییی شەریفی تاران کونسێرتێکی خێرخوازی بەڕێوە دەبات و بڕیارە داهاتی کونسێرتەکە بۆ لێقۆماوانی لافاوەکانی ئەم دواییەی وڵاتی ئێران تەرخان بکرێت.
کونسێرتەکە بە هاوکاریی تیپی "قوقنووس" بەڕێوە دەچێت و شارام نازری لە بارەی ئەو کونسێرتەوە ڕایگەیاند: "پێم خۆش بوو کونسێرتەکە لە زانکۆیێکدا بەڕێوە بچێت لەبەر ئەوەی زانکۆکان قورسایییان زیاترە و ئەوەش وادەکات متمانەکردن بە زانکۆکان لای جەماوەری کۆمەڵگا زیاتر بێت."
لە هەڵمەتێکی خێرخوازانەی دیکەشدا هونەرمەند عادڵ نادری بڕیارە سبەی دووشەمە 26ی خاکەلێوە بەرانبەر بە 15ی نیسان لە شاری سنە کونسێرتێکی خێرخوازی بەڕێوە بەرێت و کۆی داهاتی ئەو کونسێرتەش بۆ لێقۆماوانی بوومەلەرزە خەرج دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش عەدنان کەریم هونەرمەندی ناسراوی کورد لە شاری مەهابادی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کونسێرتێکی خێرخوازیی بەڕێوە برد و بەشێکی داهاتی کونسێرتەکەی بۆ لێقۆماوانی لافاو تەرخان کردبوو.
Your Comment