بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاد رۆستەم بەرپرسی دامەزراوەی ئێزدییەكانی سەربە ئیدارەی خۆبەرێوبەری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لە حەسەكە رایگەیاند: هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دوا هەڵمەتیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دوا پێگەی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا، 300 كەس كە پێكهاتوون لە ژن و منداڵانی ئێزدی ئازاد كراون.
سەرۆكی دامەزراوەی ئێزدییدیەكان ئاماژەی بەوەش كرد: 25 كەسی ئێزدی تر كە 10 ژن و 15 منداڵن رادەستی ئەنجومەنی ئێزدیانی شنگال دەكرێنەوە، ئەوانیش بۆ سەر زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە.
بەرپرسی دامەزراوەی ئێزییدیەكان روونی كردەوە، كۆی ئەو ئێزدییانەی لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەكانی شەڕڤانان لە ساڵی 2015 لە ژێركۆنترۆڵی چەكدارانی داعش ئازادكراون، گەیشتە 850 كەس.
ئەو بەرپرسەی ئێزدییەكان ئەوەشی خستووەتە ڕوو "تائێستا 3040 كەس شوێن بزرن، بەڵام هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە، ئێمە وای بۆ دەچین ئەو ئێزدییدیانە داعش بەكەسانی سووری فرۆشتوون لە ئیدلب، كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دایە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment