کوردپرێس:
ڕۆژی هه‌ینی 12ی نیسانی 2019 ئه‌حمه‌د مه‌نفی جه‌وده پارێزگاری موسه‌نا له به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه: "له بیابانی شاری سه‌ماوه ناوه‌ندی پارێزگای موسه‌نا گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵی سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌دام حسێن سه‌رۆکی پێشووی ڕژێمی به‌عسی عێراق دۆزراوه‌ته‌وه."
پارێزگاری موسه‌نا ئاشکرای کرد: "ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌دا بوون، هاووڵاتیی کوردن."
فوئاد عوسمان وته‌بێژی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ی ئاگاداربوونی هه‌رێمی کوردستان له‌و گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌ی که له بیابانی سه‌ماوه‌ی باشووری عێراق دۆزراوه‌ته‌وه به ئێن ئارتی ڕاگه‌یاند: وه‌زاره‌تخانه‌که‌یان هیچ زانیارییێکی نییه له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، په‌یوه‌ندیی به لێپرسراوانی به‌غداوه کردووه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ستنه‌که‌وتووه.
له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا تیمه‌کانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان هه‌ڵمه‌تێکیان له ناوچه‌کانی باشووری عێراق ده‌ست پێکردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی پێشووی عێراق.
له ساڵی 1988 ڕژێمی پێشووی عێراق به چه‌ند قۆناغێک هه‌ڵمه‌تێکی له دژی گه‌لی کورد و ناوچه ئاوه‌دانییه‌کانی کوردستان و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له ناوچه جیاجیاکانی هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر ناوی "ئه‌نفال" ده‌ست پێ‌کرد که ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی تیادا بێسه‌رشوێن کران و زۆربه‌شیان به‌کۆمه‌ڵ گوێزرانه‌وه بۆ ناوچه بیابانییه‌کانی باشووری عێراق و له‌ناو بران.
له دوای ڕووخانی ڕژێمه‌که له ساڵی 2003 و ئاشکرابوونی به‌شێک له به‌ڵگه‌نامه‌کانی ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌کانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن، هاوڵاتییان و ڕێکخراوه حکومی و ناحکومییه‌کان ژماره‌یێک گۆڕی به‌کۆمه‌ڵیان له ناوچه‌کانی باشووری عێراق دۆزییه‌وه که به‌شێکیان له‌و که‌سانه بوون که له هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا کۆمه‌ڵکوژ کران.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment