بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕەزا ڕەحمانی وەزیری بازرگانیی ئێران پارێزگای کوردنشینی ئیلامی بەسەر کردۆتەوە و لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگاکەدا تیشکی خستۆتە سەر کەرتی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی عێراق کە بە هۆی دەروازەی سنووری مێهرانەوە دەرفەتێکی باش ڕەخساوە بۆ ناردنی بەرهەمی ئێرانی بەرەو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ڕەحمانی لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگای ئیلامدا ڕایگەیاند: بە بایەخی تەواوەوە دەڕواننە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی عێراق و دەروازەی سنووری مێهرانیش یەک لەو دەرفەتانەیە کە دەکرێت بەهرەی باشی لێوەر بگیرێت. بەتایبەت بۆ ناردنی بەرهەمی ئێرانی بەرەو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەزیری بازرگانیی ئێران بازاڕە نێودەوڵەتییەکانیشی بە گرینگ زانی و ڕایگەیاند: پارێزگای ئیلام بە هۆی دەروازەی سنووری مێهرانەوە دەرفەتێکی هەرە باشە بۆ ئێران کە بتوانێت بازاڕدۆزی بۆ بەرهەمی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و سنووری مێهران شایستەی ئەوەیە بکرێتە یەکێک لە جەمسەرەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەت بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بەرەو عێراق.
ناوبراو گوتیشی لەبارەی دەروازەی سنووری مێهران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی عێراق دەسەڵاتی تەواو بە پارێزگاری ئیلام دەدرێت و دەوڵەت بەنیازە عیلاقاتی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق فراوانتر بکات.
ڕەحمانی داوای لە بەرپرسانی پارزگاکەش کرد تەرکیز بکەنە سەر کەرتی بەرهەمهێنان و ئاسانکاری کردن بۆ بەرهەمهێنەرانی نێوخۆیی.
شایانی باسە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە فرۆشتنی نەوتی ئێران سنووردار کراوە و ئەوەش کارتێکەر بووە لە دروستبوونی قەیرانی دارایی لە وڵاتی ئێران و بەو بۆنەیەشەوە دەوڵەتی ئێران هەوڵی فراوان کردنی ناردنی بەرهەمی نانەوتی بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی عێراق دەدات بۆ ئەوەی کورتهێنانی داهاتەکەی قەرەبوو بکاتەوە هەر بەو بۆنەیەوە لەم ماوەیەی دواییدا سەرنجی زیاتری خستۆتە سەر سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق.
Your Comment