زەریف بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: چەواشەکارییەکەی ئەمریکا بەرانبەر بە سوپای پاسداران ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە

بەشی ئێران/ کوردی- وەزیر دەرەوەی ئێران نامەیێکی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیوە و تێیدا ئاماژەی بە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە و وتوویەتی ئەو بڕیارەی ئەمریکا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 8ی نیسان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی واژۆ کرد و ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لە وەڵامدا هێزەکانی ئەمریکای ناسراو بە "سێنتکۆم" کە لە خۆرئاوای ئاسیا جێگیر کراون خستە لیستی تیرۆرەوە هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە چیتر ئەو هێزە تیرۆریستییانە وەوو جاران لە ئاسایشدا نابن.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیێکدا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو بڕیارەی ئەمریکا دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی ناوچەکەیە و نائەمنیی هەرێمی و جیهانی دەخاتە مەترسییەوەو بە ئاشکرا دژی هەموو پەیڕەوێکی دەولی و هەرێمییشە.

زەریف لە نامەکەیدا ئەوەشی زیاد کردووە: "گومانی تێدا نییە کە ئەو بڕیارەی ئەمریکا هەڕەشەکان دەگەیێنێتە ئاستێک کە چیتر کۆنتڕۆڵ ناکرێن و بەرپرسایەتیی ئەو نائەمنییانەش تەنیا دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و هەموو ئەو کەسانەی بە ئاشکرا و بە نهێنی پشتگیریی ئەو بڕیارە نایاسایییەیان کردووە.

هەر لە نامەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانیشی وتووە ئەمریکا بەردەوام پشتگیریی تیرۆریستانی کردووە و بە پێچەوانەشەوە ئێران چ لە عێراق و چ لە سووریاش لە سەر داوای دەوڵەتی هەردوو وڵات بەردەوام لە بەرەکانی شەڕی دژ بە تیرۆردا ئامادە بووە و بەردەوام ستایشی شەڕی ئێران دژی قاعیدە و نوسرە و داعش و دیکەی ترۆریستان کراوە.

زەریف هێزە ئەمریکییەکانی خۆرئاوای ئاسیا کە ب "سینتکۆم" ناسراون بە تیرۆریست دەزانێت و دەڵێت کردەوەی تیرۆریستییان لێ وەشاوەتەوە و نموونەشی ئەو هێرشەیە کە ساڵی 1367 (1988) کردیانە سەر فڕۆکەی گەشتیاریی ئێران و بە دەیان کەسی مەدەنی و بی تاوانیان کوشت. نموونەیێکی دیکەش ئەو تاوانانەیە کە هێزی تیرۆریستیی سێنتکۆم لە ڕێگەی پشتگیری کردنی هاوپەیمانیی سعوودی بەرانبەر بە خەڵکی یەمەن دەیکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش کردووە نامەکەی وەکوو دۆکیۆمنتێک لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بڵاو بکرێتەوە.

News Code 53043

Your Comment

You are replying to: .
captcha