گۆڕان مه‌رجى خۆى بۆ وازهێنان له پۆستی‌ جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و حیزبه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بێت به‌و مه‌رجه‌ی یه‌کێتی ده‌ستبه‌رداری پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بێت و ئه‌و پۆسته‌ بداته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا بابه‌تی دابه‌ش‌کردنی پۆسته‌کانی نێوان پارتی، یه‌کێتی و گۆڕان بۆته‌ له‌مپه‌ڕێک له‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان.

پارتی وه‌ک براوه‌ی هه‌ڵبژاردن پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێم له‌وان پۆستی سه‌رۆکایه‌تی و سه‌رۆک وه‌زیران وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت و یه‌کێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ڕاجیاوازییان له‌سه‌ر دیکه‌ی پۆسته‌کان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی ئه‌م ڕاجیاوازییه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌کانی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ کاروباری سه‌ربازی و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ڕێککه‌وتنى پارتى و گۆڕان که‌ له‌ 18ى شوبات واژۆ کرا، سه‌رۆکى هه‌رێم یه‌ک جێگرى ده‌بێت و ئه‌ویش پشکى گۆڕانه‌ به‌ڵام ئێستا یه‌کێتى داواى زیادکردنى جێگرێکى دیکه‌ ده‌کات بۆ سه‌رۆکى هه‌رێم که‌ بدرێته‌ ئه‌و حزبه‌.

له‌مباره‌وه‌ هێمن شێخانى ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ئێن ئاڕتی ڕاگه‌یاند: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی نیسانی 2019 وه‌فدێکى پارتى سه‌ردانى سلێمانى ده‌کات و له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کۆ ده‌بێته‌وه‌. سه‌ردانه‌که‌ى پارتى بۆ لاى گۆڕان له‌سه‌ر داواى پارتییه‌ و بۆ تاوتوێ کردنى ڕێککه‌وتنى گۆڕان و پارتى و پێکهێنانى کابینه‌ى نوێیه‌.

ناوبراو وتیشى: گۆڕان ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم بێت بۆ یه‌کێتى به‌و مه‌رجه‌ى یه‌کێتى ده‌ستبه‌رداری پۆستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بێت بۆ گۆڕان چوونکه‌ نابێت دوو پۆستى سیادى سه‌ربازى له‌ ده‌ستى یه‌ک حزبدا بێت.

ئه‌ندامه‌که‌ی جڤاتى نیشتیمانیی گۆڕان باسى له‌وه‌ش کرد که‌ پێیان وایه‌ پارتى به‌ته‌واوى پابه‌ند ده‌بێت به‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ گۆڕان و ئه‌گه‌ر هه‌ر سازشێکیش بکه‌ن له‌پێناو ئه‌وه‌دایه‌ حکوومه‌ت زوو پێکبهێنرێت.

پیشتریش ڕه‌ھبه‌ر سه‌ید ئیبراھیم ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ داواکردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ جێی قبووڵ نییه‌ و ئه‌و پۆسته‌ پشکى یه‌کێتییه‌.

هه‌روه‌ها یاسین خزر په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ‌SNNدا یه‌کێتی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات که‌ ڕێگری له‌ پێکھێنانی کابینه‌ی نۆیه‌م ده‌کات و ده‌ڵێت: به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئیستیحقاقی گۆڕانه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌ چ مه‌رجێک ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری سه‌رۆکی ھه‌رێم ده‌بن ئاشکرای ده‌کات: "به‌ بۆچوونی تایبه‌تی خۆم ئه‌گه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ یان پێشمه‌رگه‌مان بده‌نێ، واز له‌ جێگری سه‌رۆکی داھاتووی ھه‌رێم ده‌ھێنین، چوونکه‌ ئێمه‌ شه‌ڕه‌پۆست ناکه‌ین."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53035

Your Comment

You are replying to: .
captcha