تێپه‌ڕاندنی یاسای قه‌رز بەبێ کورد پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، له‌ باره‌ی په‌سندكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "هەرچه‌نده‌ یاسای پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانی دارایی کارێکی پێویست بوو بۆ دابین کردنی مووچه‌‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ سێ مانگی داهاتوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نابردن بۆ قه‌رز چاره‌سه‌رێکی بەردەوام نییه‌. بۆیە جه‌خت له‌رێگه‌چاره‌یێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ رێگه‌ له‌دووباربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بگرێت، چوونکه‌ قەرزکردن به‌ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌ڵکوو پێویسته‌ پشت به‌ چاکسازیێکی گشتیر ببه‌سترێت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانه‌که ‌و پارێزگاری له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌کوو ئه‌وله‌ویه‌تێکی بێچه‌ندوچوون."

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد په‌سه‌ندکرا و تێپه‌ڕێندرا، ئه‌مه‌ش پێشینه‌یێکی مه‌ترسیداره‌‌‌ لە کاری سیاسی عێراقدا. دابین کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عێراق به‌بێ چاره‌سه‌ری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم کارێکی ناته‌واوه‌ چوونکه‌ ئه‌وانیش هاووڵاتی عێراقن و مافه‌کانیان له‌ ده‌ستووردا جێگیر کراوه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ پێویستە فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی هاووڵاتیان به‌دووربن له‌و ململانێی سیاسیه‌ی که‌ وڵاتی به‌م رۆژه‌ گه‌یاندووه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لێره‌شه‌وه‌ ته‌ئکید له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان حکوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم ده‌‌که‌ینه‌وه‌، به‌دیاریکراویش دۆسیه‌ی نه‌وت و رێکخستنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یێکی شه‌فاف و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور که‌ دادپه‌روه‌ری و مافی هاوڵاتیبوون بۆ هه‌موو عێراقیه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha