ڕۆحانی و ماکرۆن په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجام دا

به‌شی ئێران- سه‌رکۆماری فه‌ڕه‌نسا په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رکۆماری ئێران ئه‌نجام دا و بڕیاری ئه‌مریکای بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپا به‌ جووڵه‌یێکی هانده‌رانه‌، مه‌ترسیدار و بێ‌وێنه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌سف کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئیمانۆیل ماکرۆن سه‌رکۆماری فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجام دا و له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا سه‌رکۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌ دانپێدانانی ئاشکرای سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل کرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا بڕیاری به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی له‌سه‌ر داوای تێلاڤیڤ ده‌رکردووه‌ و گوتی: ئه‌گه‌ر گیانفیدایییه‌کانی سوپا نه‌بوایه‌ ئه‌مڕۆ دوو وڵاتی ناوچه‌که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو و ئه‌م هێزانه‌ به‌ گیانفیدایی و هه‌وڵی بێ‌وچانیانه‌وه‌ زه‌برێکی کوشنده‌یان له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی ناوچه‌که‌ دا.

حه‌سه‌ن ڕۆحانی به‌رجامی به‌ ڕێککه‌وتنێکی زۆر گرنگ وه‌سف کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین دوو لایه‌ن به‌ڵێنه‌کانیان له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنی به‌رجام جێبه‌جێ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێرانیش به‌پێی بڕگه‌کانی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ڕه‌وای ئابووری خۆی وه‌ده‌ست بهێنێت. ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ به‌ڵێنه‌کانی له‌باره‌ی بڕگه‌کانی ڕێککه‌وتنی به‌رجامه‌وه‌ جێبه‌جێ کردووه‌ به‌ڵام هێشتا لایه‌نه‌کانی به‌رانبه‌ر به‌ڵێنه‌کانیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ جێبه‌جێ نه‌کردووه‌.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: تاکوو ئێستا ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناڤۆکی به‌ ڕاشکاوی پێبه‌ندیی ئێران به‌ ڕێککه‌وتنی به‌رجامی پشتڕاست کردۆته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ داوای داپه‌ڕی خێرا و کارای سازوکاری داراییی ئه‌ورووپا ده‌که‌ین له‌ چوارچێوه‌ی بڕگه‌کانی به‌رجامدا.

ڕۆحانی ڕوونی کرده‌وه‌: ئیراده‌ و خواستی ده‌وڵه‌تی ئێران پاراستنی ئاسایش و ڕێگری له‌ زیادبوونی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ناوچه‌که‌یه‌.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ده‌ستخۆشی له‌ هاوخه‌می و هاوده‌ردی سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕه‌نسا کرد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی ئێران به‌ بۆنه‌ی لافاوی ئه‌مدواییه‌ و ڕاگه‌یاندنی ئاماده‌ییی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ناردنی یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه‌.

لای خۆیشیه‌وه‌ سه‌رکۆماری فه‌ڕه‌نسا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی په‌ره‌پێدانی هاوکارییه‌کانی نێوان تاران- پاریس له‌ هه‌موو بواره‌کان کرده‌وه‌ و گوتی: فه‌ڕه‌نسا و شه‌ریکه‌ ئه‌ورووپییه‌کان به‌ جیده‌وه‌ به‌ڵێنه‌کانیان بۆ به‌جێگه‌یاندنی تێکڕای بڕگه‌کانی به‌رجام جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

ئیمانۆیل ماکرۆن ڕاشی‌گه‌یاند: فه‌ڕه‌نسا به‌ وردبینییه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌ ده‌کات و هه‌وڵه‌کانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران له‌ ڕێککه‌وتنی به‌رجام به‌دی بکرێت و سازوکاری داراییی داڕێژراو پیشانده‌ری ئیراده‌ی ئه‌ورووپا بۆ پاراستنی به‌رجامه‌.

ناوبراو گوتیشی: فه‌ڕه‌نسا و هاوبه‌شه‌ ئه‌ورووپییه‌کان هه‌وڵه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا هان بده‌ن سزاکانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبسپێریت و بێگومان ڕۆڵی ڕووسیا و چین له‌م بواره‌دا زۆر گرنگه‌.

سه‌رکۆماری فه‌ڕه‌نسا هاوخه‌میی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی ئێران به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی قوربانییانی لافاوه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ ئه‌نجام دا و ئاماده‌ییی وڵاته‌که‌شی ده‌ربڕی بۆ ناردنی یارمه‌تیی مرۆڤدۆستانه‌ بۆ زیانلێکه‌وتووانی لافاو.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52994

Your Comment

You are replying to: .
captcha