هه‌ولێر و به‌غدا پیسترین هه‌وایان له‌ عێراق هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاککردنی ژینگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕای‌گه‌یاند که‌ شاره‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا پیسترین هه‌وایان له‌ عێراق هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ندرێن شێخ ڕاغب وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ پاراستن و چاكکردنی‌ ژینگه‌ی‌ هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا به ‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: ساڵی‌ ڕابردوو ڕێكخراوی‌ (گرین پیس) كه‌ ڕێكخراوێكی‌ ئه‌ورووپیه ‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان كار له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌كات توێژینه‌وه‌یێكی‌ بۆ هه‌وای‌ شاره‌كانی‌ عێراق له ‌ڕێگه‌ی‌ مانگی‌ ده‌ستكرده‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وتووه‌ دوو شاری‌ عێراق پیسترین هه‌وایان هه‌یه‌ که‌ یه‌کێک له‌ شاره‌كان شاری‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ عێراق و ئه‌وی‌ دیكه‌ش شاری‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

ناوبراو وتیشی: "واته‌ هه‌وای‌ شاری‌ هه‌ولێر وه‌ک پیسترین شار دیاری كراوه‌ به‌هۆی‌ هه‌بوونی‌ ژماره‌یێكی‌ زۆر كارگه‌، پاڵاوتگه‌، ئۆتۆمبێل و ئه‌مانه‌ش وای كردووه‌ به ‌به‌رده‌وامی‌ هه‌وای‌ شاره‌كه‌ ته‌می‌ له‌سه‌ر بێت و ئه‌و ته‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ پیسبوونی‌ هه‌وایه‌".

هه‌ندرێن شێخ ڕاغب ئه‌وه‌شی‌ ڕوون كرده‌وه: له ‌توێژینه‌وه‌كه‌دا ته‌نها هه‌وای‌ ئه‌و شوێنانه‌ وه‌رگیراون كه‌ به‌ پیسترین هه‌وا ده‌ستنیشان كراون واته‌ له‌ ڕووی‌ ژینگه‌یه‌وه‌ هه‌واكه‌یان ناته‌ندروست و پیسه‌ و هیچ ئاماژه‌یێک به ‌هه‌وای‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ نه‌كراوه‌ و "له ‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش وه‌ک نموونه‌ی‌ هه‌وا ته‌نها شاری‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌".

وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ پاراستن و چاکكردنی‌ ژینگه‌ی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد: "له ‌هه‌رێم زیاتر له یه‌ک ملیۆن و نیو ئۆتۆمبێل هه‌یه‌، ڕۆژانه‌ حه‌وت ملیۆن لیتر به‌نزین ده‌سووتێنرێت، زیاتر له‌ چوار هه‌زار مۆلیده‌ كاری‌ پێده‌كرێت جگه‌ له‌ كارگه‌كان، ئه‌وانه‌ هه‌مووی‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌وای‌ كوردستان، له ‌سلێمانیش هه‌ر دوو ناوچه‌ی‌ بازیان و تانجه‌رۆ دوو شوێنی‌ مه‌ترسیدارن له ‌ڕووی‌ ژینگه‌یییه‌وه‌".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "بۆ ڕێگرتن له‌ هۆكاره‌كانی‌ پیسبوونی‌ ژینگه ‌و هه‌وای‌ شاره‌كان پڕۆژه‌یێكمان ئاماده ‌كردووه‌ و ده‌یده‌ینه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و دوایان لێده‌كه‌ین بۆ هه‌ر ئۆتۆمبێلێک پشكنینی‌ دووكه‌ڵی‌ بۆ بكرێت و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئه‌و تاقیگانه‌ بێنه‌ كوردستان كه‌ هه‌وا ده‌پشكنن".

وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ پاراستن و چاکكردنی‌ ژینگه‌ی‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به ‌هه‌ماهه‌نگیی‌ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌و بواره‌وه‌ وتی‌: "تائێستا ئه‌ڵمانیا پێنج ئامێری‌ بۆ دابین كردووین و له‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریان پێده‌كرێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52992

Your Comment

You are replying to: .
captcha