کوردپرێس:
وریا حسێن، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی كۆتاییی 2018 بۆ 2019 گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و لە هەموو ئاستەكانی ئەم کەرتەدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی باش ڕوویان داوە. لەوانەش زیادبوونی بەرهەمی نەوتی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی لە كیڵگەی سەرقەڵا، بە جۆرێك بە ڕێژەی %35 بەرهەمی نەوتی زیادی كردووە و لە 12 هەزارەوە بووەتە 35 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمە لە چەند كیڵگەیەكی دیكەش ڕووی داوە، لەوانە لە شێخان گنەڵ ئێنێرجیی توركی بەرهەمی زیادی كردووە، بە شێوەیەكی گشتی لە كۆتاییی ساڵی ڕابردوو، واتە لە مانگی نۆڤەمبەرەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان هەناردەی گەیشتووەتە سەروو 420 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمەش پێشكەوتنێكی باشە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووا ڕووی داوە".
لە ڕووی گازی سروشتییەوە، هەردوو كۆمپانیا گنەڵ ئێنێرجیی توركی و كۆنستریۆمی داناگاز كارەكیان لە گەشەی بەردەوامدایە.
حسێن گوتی: :بەگوێرەی ئەو زانیارییەكانەی بە ئێمە دراوە وەك ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان, كۆمپانیای گنەڵ ئێنێرجیی توركی لە هەردوو كێڵگەی گازی میران و بنەباوی توانیویەتی دەست بكات بە چاكسازیی گازی بەرهەمهاتووی كوردستان و ئامادەكردن و شیاندنی بۆ هەناردەكردن، ئەمەش دەستپێكی ئەو پرۆسەیە كە بڕیارە ساڵی 2020 دەست پێ بكات و هەرێمی كوردستان گازی سروشتیی خۆی هەناردە بكات".
بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی كوردستان, ئاماژەی بەوە كرد: "كۆنستریۆمی داناگازی ئیماراتیش بە هەمان شێوە گەشەی بەرچاوی كردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانمان سەرقاڵی دانانی یەكەیەكی دیكەی گازییە لە چەمچەماڵ و ئاستی بەرهەمی پێشبینیكراوی تا 2023 دەگاتە 900 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و تا ئێستا كۆی ئەو وێستگانەی كارەبا کە گازی سروشتییان پێ گەییشتووە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبارە گەییشتووتە %80ی كۆی یەكەی وێستگەكانی كارەبا".
ناوبراو زیاتر دەڵێ: :بە ڕای من، حكوومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت گەشە بەم كەرتە بدات و شەفافیەتی زیاتر پەیڕەو بكات، هیوادارین لە باشترین حاڵەتدا حكوومەت بتوانێت ئەم كەرتە بخاتە خزمەتی كەرتەكانی دیكەوە".
Your Comment