حوکمی ده‌ستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ئاراسته‌ی دادگای هه‌ولێر کرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا حوکمی ده‌ستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وای ئاراسته‌ی دادگای هه‌ولێر کرد بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی بکه‌ن.

کوردپرێس:

ڕۆژی 27ی ئازاری ڕابردوو دادگاى نه‌ینه‌وا به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى و ڕووداوى ژێرئاوکه‌وتنى قه‌یاغه‌که‌ى مووسڵ بڕیارى ده‌ستگیرکردنی بۆ نه‌وفل عاگوب پارێزگارى پێشووى نه‌ینه‌وا ده‌رکرد و ئێستا له‌ یادداشتێکدا که‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی "نه‌وفل حه‌مادی سوڵتان" پارێزگاری نه‌ینه‌وای پێوه‌ هاوپێچه‌، سه‌رۆکایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا یادداشته‌که‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر کردوووه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ کردنی و ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌ نه‌وفل حه‌مادی سوڵتان پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا پێشتر له‌ گه‌ڕه‌کی "حه‌ی ته‌یران" بووه‌ و له‌ ئێستاشدا له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌.

هه‌ر له‌ یادداشته‌که‌دا پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ گوێره‌ی حوکمه‌کانی ماده‌ی 315ی یاسای سزادانی عێراقی وه‌ک تۆمه‌تبار ناوی نووسراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بکرێت.

له‌ ده‌قی ماده‌ی 315ی یاسای سزادانی عێراقی هاتوووه: "سزا ده‌درێت به‌ زیندانی کردنی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک که‌ ڕاسپێردرابێت به‌ خزمه‌ت کردنی گشتی و ئه‌گه‌ر هاتوو دزی و گه‌نده‌ڵی بکات یان سامانی گشتی بشارێته‌وه‌ یاخود بۆ خۆی بیبات و به‌کاری بهێنێت."

به‌شێک له‌ میدیا عێراقییه‌کان بڵاویان کرده‌وه‌ نه‌وفل حه‌مادی پارێزگارى پێشووى موسڵ له‌ هه‌ولێر داڵده‌دراوه‌ و هاوپه‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 7ی نیسانی 2019 عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ڕه‌تی کرده‌وه‌ پارێزگارى پێشووى مووسڵ له‌ هه‌ولێر داڵده ‌درابێت و ڕای‌گه‌یاند: هیچ تۆمه‌تبارێک له‌ هه‌ولێر داڵده‌ نادرێت و هیچ که‌سێکیش ناتوانێت تاوانبار داڵده ‌بدات. هه‌ر کاتێکیش به ‌فه‌رمى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنه‌که‌ى بگاته‌ ده‌ستیان لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن.

ناوبراو گوتیشی: هیچ فه‌رمانێکی فه‌رمییان بۆ ده‌ستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی مووسڵ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ و ئه‌وان وه‌ک لایه‌نى جێبه‌جێکار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانى فه‌رمی ده‌که‌ن.

شایانی باسه‌؛ 21ی مانگی ئازاری ڕابردوودا له‌ ناوچه‌ى گه‌شتیاریی مووسڵ له‌سه‌ر ڕووبارى دیجله قه‌یاغێک به‌ زیاتر له‌ 200 سه‌رنشینه‌وه‌ ژێر ئاو که‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 120 که‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ده‌یانى دیکه‌ش تا ئێستا ته‌رمه‌کانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52981

Your Comment

You are replying to: .
captcha