فیلمی ده‌رهێنه‌رێکی مه‌هابادی له‌ فێستیڤاڵی وڵاتی پۆڵه‌ندا به‌شدار ده‌بێت

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- فیلمی دایکیۆمێنتی "دراوسێکانی ڕووبار" له‌ ده‌رهێنانی که‌یوان فه‌هیمی له‌ به‌شی کێبه‌رکێی فێستیڤاڵی کینولۆبی پۆڵه‌ندا به‌شدار ده‌بێت.

که‌یوان فه‌هیمی ده‌رهێنه‌ری مه‌هابادی فیلمی دایکیۆمێنتی "دراوسێکانی ڕووبار" به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئه‌م فیلمه‌ دایکۆمێنتاره‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیان، کار و وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ منداڵانی گوندی گرژاڵی سه‌رده‌شته‌ که‌ توانیویه‌تی له‌ به‌شی کێبه‌رکێی فێستیڤاڵی کینولۆبی پۆڵه‌ندا به‌شدار بێت و له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا هه‌ندێک فیلم له‌ وڵاتانی سوید، ڕووسیا، فه‌ڕه‌نسا، تورکیا، دانمارک، هیند، ئیتالیا و ... به‌شدار ده‌بن.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: فێستیڤالی فیلمی کینولۆبی پۆڵه‌ندا ساڵی 2015 ڕێکخرا و ته‌رکیزی فێستیڤاڵه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌و فیلمانه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ منداڵان و مێرمنداڵانی سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌.

فه‌هیمی ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردنی فیلمه‌کان له‌و فێستیڤاڵه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: جگه‌ له‌ کوالێتیی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌ری ئاوڕ له‌ گواستنه‌وه‌ی په‌یامی فیلمه‌کانیش ده‌درێته‌وه‌. فیلمه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان بۆ ماوه‌ی 20 ڕۆژ له‌ شار و گونده‌کان نمایش ده‌کرێن و زیاتر له‌ 11 هه‌زار که‌س فیلمه‌کان ده‌بینن.

ده‌رهێنه‌ره‌ مه‌هابادییه‌که‌ ڕاشی‌گه‌یاند: به‌شی کێبه‌رکێ و سه‌ره‌کیی فێستیڤاڵه‌که‌ له‌ نێوان 40 بۆ 60 فیلم ده‌بێت و دوو گرووپی داوه‌ری شاره‌زا و پسپۆر فیلمه‌ باشتره‌کان هه‌ڵده‌بژێرن.

ناوبراو گوتیشی: فێستیڤاڵی کینولۆبی پۆڵه‌ند ڕۆژانی 11 بۆ 29ی مانگی جۆزه‌ردانی 1398/ 1 بۆ 19ی مانگی حوزه‌یرانی 2019 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و 51 فیلم له‌ به‌شی کێبه‌رکێی فێستیڤاڵه‌‌که‌دا به‌شداری ده‌که‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52973

Your Comment

You are replying to: .
captcha