به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 7ی نیسانی 2019 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند که تیمێکی پسپۆڕیی فه‌رمانگه‌ی پزیشکی دادوه‌ریی ئه‌و وڵاته ڕه‌وانه‌ی پزیشکی دادوه‌ریی پارێزگای نه‌ینه‌وا له باکووری ڕۆژئاوا کراوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ دوایین گۆڕانکارییه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به داتای ژێنێتیکی قوربانییانی ڕووداو‌ی ژێرئاوکه‌وتنی که‌شتییه‌که‌ی ڕووباری دیجله له شاری مووسڵ بکات و دواتریش زانیارییه‌کان بخاته‌ڕوو.
له به‌یاننامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق له زاری زه‌ید عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پزیشکی دادوه‌ری ڕاگه‌یێندراوه که تاوه‌کوو ئێستا ته‌رمی 110 قوربانیی ڕووداو‌ی وه‌رگه‌ڕانی که‌شتیی مووسڵ له ڕووباری دیجله ده‌رهێنراوه و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ته‌رمی 88 قوربانیی دیکه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پزیشکی دادوه‌ریی عێراق له‌وباره‌وه گوتیشی: گرووپی پسپۆڕیی فه‌رمانگه‌که ناوه‌ندێکی داتای ژێنێتیکی له تاقیگه‌ی په‌نجه‌مۆر دامه‌زراندوووه بۆ ئه‌وه‌ی به دوای پشکنینی DNA ته‌رمی کوژراوان ڕاده‌ستی که‌سوکاریان بکرێته‌وه.
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که 21ی ئاداری 2019 له ناوچه‌ى گه‌شتیاریی "ام الربیعین"ی مووسڵ له‌سه‌ر ڕووبارى دیجله به‌له‌مێک به زیاتر له 200 که‌سه‌وه ژێر ئاو که‌وت و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 120 که‌س گیانى له‌ده‌ست دا و ده‌یانى دیکه‌ش تا ئێستا ته‌رمه‌کانیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه. دواتر په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر داوای عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته کۆ بوویه‌وه و له‌سه‌ر کارلابردنی نه‌وفل عاگوب پارێزگاری نه‌ینه‌وا و دوو جێگره‌که‌ی خسته ده‌نگدانه‌وه و به زۆرینه‌ی ده‌نگ له کاره‌کانیان دوور خرانه‌وه.
سه‌رچاوه: به‌غداد ئه‌لیه‌وم
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment