ئایندەی نادیاری کورد پاش سەرکەوتن بە سەر داعشدا

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- دوکتۆر یه‌زید سائق به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: هێشتاکه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سووریا ده‌کات و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ کوردیش ده‌گرێته‌وه‌. له‌لایێکی‌تره‌وه‌ نه‌ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییش هیچیان داواکاریی کورد قبووڵ ناکه‌ن و ئێستاش بابه‌تی کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا و کارتێکه‌ریی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر دۆخی کورده‌کان مەسەلەیێکی گرینگە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا به‌ بۆنه‌ی پێشه‌نگ‌بوونیان لە شەڕی دژبەداعش به‌ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانان توانییان نزیکەی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌. ئه‌وان دوو جار هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌رییان له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان به‌ڕێوه‌ برد و ناوچەکەیان کرده‌ ناوچه‌یێکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر.

10 ڕۆژ پێش ئێستا هێزی کوردی سووریا دوامۆڵگه‌ی داعشی له‌ سووریا کۆنتڕۆڵ کرده‌وه‌ و ئاڵدار خه‌لیل به‌رپرسێکی باڵای کوردی سووریاش ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا کورد هه‌وڵه‌کانی بۆ په‌یوه‌ندی کردن بە ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریاوە چڕ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ددان بە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بنێت.

شایانی باسه‌ ده‌ستکه‌وتی ئێستای کوردی سووریا به‌ ئاسانی به‌ده‌ست نه‌هاتوووه‌ و فه‌رمانده‌کانی هێزی کوردی سووریا و هێزی ناسراو به‌ سووریای دیموکرات له‌ ڕۆژی ئازادکردنه‌وه‌ی باغۆز واتا دوامۆڵگه‌ی داعش له‌ سووریا ڕایان‌گه‌یاند که‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی 7 ساڵەی داعشدا زیاتر له‌ 11 هه‌زار هێزی خۆیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

له‌ ئێستادا کە قۆناغی پاش داعشە، کورد هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندنی ئیدارەی خۆسەر له‌ سووریا ده‌دات به‌ڵام دوکتۆر یه‌زید سائق توێژه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ په‌یمانگای کارنگی له‌و باره‌یەوه‌ به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاندوووه‌: کوردی سووریا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر ده‌بێته‌وه‌ و کورد بەو ئاسانییە دەستی بە ئامانجەکانی خۆی و بەتایبەت ئیدارەی خۆسەر ناگات.

دوکتۆر یه‌زید سائق ده‌ڵێت: "پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ ڕای‌بگه‌یێنم که‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش به‌ ته‌واوه‌تی کۆتایی پێنه‌هاتوووه‌. ڕاستە که‌ ئه‌و گرووپه‌ به‌ شێوه‌یێکی به‌رفراوان دۆڕاوه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ندێک ناوچه‌ی سووریا له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی ئه‌و گرووپه‌دایه‌ و مه‌ترسیی سه‌ره‌کی و ڕاسته‌قینه‌ به‌هێزبوون و خۆڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ له‌ عێراقه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌یە له‌سه‌ر سووریا و ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی ئه‌و وڵاته‌."

توێژه‌ری په‌یمانگای کارنگی ده‌رباره‌ی داواکارییه‌کانی کوردی سووریا و هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌ به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: "بابه‌تی دووهه‌م که‌ هه‌میشه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ده‌کرێ په‌یوه‌ندییێک له‌ نێوان چاوه‌ڕوانی و داواکاریی کورد له‌وان پارتی یه‌کێتیی دیموکرات (PYD) و ئۆپۆزیسیۆن و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا دروست بکرێت."

ناوبراو له‌باره‌ی داواکارییه‌کانی کورد ده‌شڵێت: "کورد داوای پێدانی ده‌ره‌جه‌یێک خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌رمیی سیاسی له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه‌ ده‌کات که‌ نه‌ دیمه‌شق و نه‌ ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش هیچیان په‌سه‌ندی ناکه‌ن. سه‌رکرده‌کانی کوردی سووریا هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئالته‌رناتیڤی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری چڕ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 107ی په‌سه‌ندکراوی ساڵی 2011یه‌ و ده‌سه‌ڵاتێکی زیاتر به‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد ده‌دات به‌ڵام کوردی سووریا داوای جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و یاسایه‌ له‌ دیکه‌ی ناوچه‌کانی سووریا ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ش بابه‌تێکه‌ که‌ به‌شار ئه‌سه‌د قبووڵی ناکات."

دوکتۆر یه‌زید سائق له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و وه‌زیری به‌رگریی سووریا له‌باره‌ی ڕاده‌ست نه‌کردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد به‌ دیمه‌شق و ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر کورده‌کان گوتی: "تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ته‌نه‌فی سووریا ببێت ئه‌و بابه‌ته‌ ڕێگر ده‌بێت له‌ هێرشی سه‌ربازی سووریا یان ڕووسیای هاوپه‌یمانی بۆ سه‌ر کورد. ئه‌گه‌رچی تورکیا پێی خۆشه‌ هێزی وڵاته‌که‌ی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد نه‌کات به‌ڵام مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ڕێگری له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دووباره‌ی تورکیا بۆ سه‌ر کورد ده‌کات."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "ئێستاکه‌ گوشارێک له‌سه‌ر هێزی سووریای دیموکرات (PYD) نییه‌ و به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌یێکی گه‌وره‌ نه‌بوونه‌ته‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌، ده‌ورگێڕانی ئه‌وان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به‌ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی ئه‌مریکا درێژخایه‌ن نابێت."

توێژه‌ری په‌یمانگای کارنگی کوردی سووریای به‌ به‌رده‌نگ دانا و به‌وانی ڕاگه‌یاند که‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕێکبکه‌ون و له‌وباره‌شه‌وه‌ ڕوونی کرده‌وه‌: "ڕووسیا حه‌ز ده‌کات ئه‌و بابه‌ته‌ ڕوو بدات به‌ڵام کێشه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ نفووزێکی زۆری نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌ تورکیا و سووریا بهێنێت که‌ پێشنیاره‌کانی مۆسکۆ قبووڵ بکه‌ن له‌باره‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستووری سووریا که‌ ڕێککه‌وتنی نێوان کورد و دیمه‌شقی لێده‌که‌وێته‌وه‌."

ناوبراو پێشبینیشی کرد که‌ "ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ماوه‌یێکی زۆر ده‌خایێنێت به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ سووریا نه‌کشاونه‌ته‌وه‌ گۆڕانکارییێکی ئه‌وتۆ ڕوو نادات به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی کاره‌کانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا مو‌مکینه‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا له‌ناکاو ڕوو بدات و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش ڕوو بدات چاوه‌ڕوان ناکرێت دۆناڵد تره‌مپ تا هه‌ڵبژاردنی دیکه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئه‌مریکا له‌ ساڵی 2020 پێداگری له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا بکات."

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52892

Your Comment

You are replying to: .
captcha