جێگری پارێزگاری کوردستان: ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانی کوردستانەوە بەرز دەکرێتەوە

بەشی کوردستان- جێگری پارێزگاری کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە سنوورەکانی پارێزگای کوردستانەوە دەگاتە 3 ملیار دۆلار.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس حسێن فیرووزی جێگری پارێزگاری کوردستان (سنە) بۆ بەسەرکردنەوەی مەرزی سەیرانبەند سەردانی بانەی کردبوو و پاش سەردانەکەش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە دوو دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەندەوە بە ڕێژەی 2.5 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەو ڕێژەیەش بۆ 3 ملیار دۆلار بەرز بکرێتەوە.

فیرووزی ئەوەشی زیاد کرد کە تا دوو مانگی داهاتوو هەموو ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری سەیرانبەندی بانە تەواو دەکرێت و لەو کاتەوە ئەو خاڵە سنوورییە وەکوو دەروازەیێکی فەرمیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت.

جێگری پارێزگاری کوردستان ئاشکراشی کرد: لە کۆی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی لە نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکرێت پشکی پارێزگای کوردستان و سنوورەکانی ئەو پارێزگایە یەک لە سەر هەشتە و ئێستا بڕی یەک ملیار دۆلار کەلوپەلی ئێران لە دەروازەی باشماخی مەریوانەوە ڕەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت و پاش کرانەوەی دەروازەی سەیرانبەند چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی ناردنکاری لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگاتە 2.5 ملیار دۆلار.

مەرزی سەیرانبەندی بانە دەکەوێتە 27 کیلۆمەتریی شاری بانە و سنووری هاوبەشی لەگەڵ قەزای پێنجوێن هەیە و لە دیدار و دانووستانەکانی نێوان لایەنی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە فەرمی کردنی ئەو مەرزە لاوەکییە دراوە و ئێستاش لایەنی ئێرانی سەرقاڵی ئامادەکردنی ژێرخانی پێویست بۆ بەفەرمی کردنی مەرزەکەیە و چاوەڕوان دەکرێت پاش کرانەوەی بەفەرمیی ئەو خاڵە سنوورییە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەرزتر ببێتەوە.

News Code 52889

Your Comment

You are replying to: .
captcha