کوردپرێس:
لە ساڵی ٢٠١٦دا بریاردرا بەکردنەوەی مەرزێکی نێودەوڵەتی لە نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستاندا، لە سنوری ناحیەی برادۆست، لە ھەمان کاتیشدا سەرکونسووڵی ئێران سەردانی ناوچەکەی کرد و ڕەزامەندی دەربڕی بۆ کردنەوەی مەرزەکە، ئەوەش ھاووڵاتییانی ناوچەکەی دڵخۆش کرد، بەوەی ھەلی کاریان دەست دەکەوێت.
چەند ساڵێک لەمەوبەر ھاوڵاتییێک بەنزینخانەیێکی لە ڕێگای برادۆست کردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لەگەڵ کردنەوەی مەرزی کێلەشیندا لە سنوورەکەیان قازانجێکی باشی دەست بکەوێت، بەڵام ئێستا خەریکی داخستنی بەنزینخانەکەیەتی، چوونکە تا ئێستا ئەو مەرزە نێودەوڵەتییەی کە بڕیار بوو بکرێتەوە نەکراوەتەوە.
شارۆچکەی سیدەکان لەرووی ئیداریەوە سەر بەقەزای سۆرانە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٢ھەزار کەسە.
دوای سێ ساڵ لە بڕیاردان بۆ کردنەوەی مەرزەکە، تائێستا ھیچ کارێک نەکراوە بۆ کردنەوەی، ھاوکات ڕێگە و بینای پێویست بۆ کردنەوەی دروست نەکراوە.
ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکانیش دەڵێت، لەسەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا باس لەکردنەوەی خاڵێکی دیکەی سنووری کراوە لەگەڵ ئێران، بەڵام ناوچەکە گیروگرفتی ئەمنیی ھەیە و چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا بکات بۆ کردنەوەی مەرزەکە.
لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا ھەشت مەرزی فەرمی و نا فەرمی ھەیە، ساڵانەش بە بەھای نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار، کەلوپەلی لێوە ھەناردە و ھاوردەی ھەرێم دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment