حەوت گۆری دیكەی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزراوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە قەزای شەنگال بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا حەوت گۆڕی دیكەی بە كۆمەڵ كە روفاتی زیاتر لە 75 كەسی تێدایە دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە قەزای شەنگال 75 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە و لە 15ی ئازاری ئەمساڵ، مەراسیمی هەڵدانەوەی یەكەمین گۆڕی بە كۆمەڵ لە گوندی كۆچۆی سەر بە قەزای شەنگال بە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان دەستیپێكرد.

دەستەی باڵای مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند 7 گۆری تری بە کۆمەڵ لە گوندی سۆلاغ کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای شەنگالەوە دۆزراونەتەوە.

شەکەر ملحەم بەرێوەبەری نەحیای گرعزێری سەر بە قەزای شەنگال رایگەیاند:"دوای ئەوە لە لایەن خەڵکی گوندی سۆلاغ ئاگاداركراین، کە هەندێک روفاتی قوربانیانی دەستی داعش لەوێن، لێکۆڵینەوەمان دەستپێكرد و دەركەوت 7 گۆری بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و لە پێی وتەی دانیشتوانی گوندەكە، کاتێک داعش، هێرشی كردە سەر شەنگال زیاتر لە 75 کەسی شوێنە جیاجیاکانی شەنگالیان هێناوە بۆ ئێرە و لە چاڵەکی نزیک لە گۆندی سۆلاغی سەر بە شەنگال کۆمەڵ کوژکران".

شەکر وتیشی: "لە نێو ئەو کەسانەدا کە کۆمەڵ کوژکراون، یەک کەسی شیعە و 74 کەسی تری ئێزیدی كە ژن و منداڵیان تێدایە كۆمەڵكوژكراون".

بە وتەی بەڕێوەبەری نەحیای گرعزێر، بە هۆی بارن بارینەوە زیان بە گۆرە کۆمەڵەکان گەشتوە، و تا ئێستا هیچ کەسێک سەردانی ئەم شوێنەی نەکردوە، بۆیە داوامان لە دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە کە بە زوترین کات، سەردانی ئەم گۆڕانە بکەین، بۆ ئەوەی ناوی ئەم گۆرانەش بچێتە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

شەکر ملحەم وتیشی: "بەڵێنیان پێداوین کە لە هەفتەی داهاتوو تیمێکی سەر بە پزیشکی دادوەری و دەزگای شەهیدان لە بەغداوە سەردانی شەنگال دەکەن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم 7 گۆرە دەکەن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52880

Your Comment

You are replying to: .
captcha