سه‌زایی ته‌مه‌لی: AKP له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر کار و له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ ده‌چێت

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی تورکیا ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر کار و له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ کۆتاییتان پێدێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ لێدوانێکدا ڕه‌خنه‌ له‌ لێدوان و هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا بۆ سه‌ر خۆی و حیزبه‌که‌ی ده‌گرێت و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌ردۆغان سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی HDP و ئۆپۆزیسیۆن به‌ تیرۆریست ناو ده‌بات. هه‌ر جۆره‌ ته‌شهیر و سووکایه‌تییێک ده‌کاته‌ سه‌ر ئێمه‌. له‌ کاتێکدا له‌باره‌ی من (سه‌زایی ته‌مه‌لی)ه‌وه‌ قسان ده‌کات به‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ که‌ "کوردیش نییه‌" له‌ ڕاستیدا ته‌شهیر و سووکایه‌تی به‌ کوردی تورکیا ده‌کات. کورده‌کان به‌ هاووڵاتییانی ده‌ره‌جه‌ دوو ده‌زانێت. ئێمه‌ تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانمان له‌سه‌ر سندوقی ده‌نگدان پیشان ده‌ده‌ین.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی له‌ ڕێگای دروست‌کردنی جه‌مسه‌ربه‌ندی له‌ تورکیا هه‌وڵ ده‌دات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌ربکه‌وێت. ئێمه‌یش به‌رنامه‌ و ستراتێژییێکمان داڕشتوووه‌ که‌ تێکڕای به‌رنامه‌کانیان تێکده‌دات. ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که‌ له‌ ڕێگای جه‌مسه‌ربه‌ندی و که‌مپینه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌ربکه‌وێت ئێستا زۆر نیگه‌رانه‌. ئێمه‌ش ده‌ڵێین ترس هیچ کاریگه‌رییێکی له‌سه‌ر ئه‌و چاره‌نووسه‌ نابێت که‌ ئێوه‌ هه‌تانه‌. کۆتایی به‌م توندوتیژی و گوشاره‌ بهێنن. له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر کار و له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ کۆتاییتان پێدێت.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52819

Your Comment

You are replying to: .
captcha