په‌روین بوڵدان: له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان AKP وانه‌ له‌ گه‌له‌که‌مان وه‌رده‌گرێت

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌ڵێت: هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئه‌كه‌په‌ نیگه‌رانن و ڕۆژی 31ی ئادار ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كه‌په‌ وانه‌ له‌ گه‌له‌که‌مان وه‌رده‌گرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی تورکیا، په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌ شاری ئاگری ڕای‌گه‌یاند: دوای دوو ڕۆژی‌تر له‌ وڵاته‌كه‌مان ئیدی قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی ئاشتی و دیموكراتی ده‌كرێت. له‌م وڵاته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئه‌كه‌په‌ نیگه‌رانن و چاوه‌ڕوانی 31ی ئادار ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌ له‌و ڕۆژه‌دا ده‌رسی پێویست له‌ گه‌له‌كه‌مان وه‌رده‌گرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌ کۆتایی‌هاتنی ماوه‌ی ئاکه‌په‌ ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: قه‌یوومه‌كان له‌ 31ی ئادار ده‌ستی یه‌كتر ده‌گرن و ده‌چنه‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌. ماوه‌ی ئاكه‌په‌ كۆتایی هات و خۆیشیان ده‌زانن كه‌ 31ی ئادار ده‌ڕۆن.

بوڵدان هاوکات داوای له‌ حکوومه‌تی تورکیا کرد کۆتایی به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر زیندانیانی کورد بهێنن و وتی: "به‌ گوێره‌ی یاساکانی خۆتان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و كۆتایی به گۆشه‌گیری بێنن. حكوومه‌ت یاساکانی پێشێل ده‌كات. ئێمه‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ین. پێویسته‌ كۆتایی به‌ گۆشه‌گیری بێت و ده‌رفه‌تسازی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بتوانێت خانه‌واده‌ و پارێزه‌ره‌كانی ببینێت".

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ ڕۆژی 31ی ئازاری 2019 نۆزده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی تورکیا به‌ڕێوه ‌بچێت. هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی و خۆجێیییه‌کانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئه‌نجام ده‌درێن و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا 12 پارتی سیاسی و ژماره‌یێک کاندیدی سه‌ربه‌خۆ کێبه‌رکێ ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین سه‌رۆکی گه‌وره‌ شاره‌وانییه‌کان، شاره‌وانی شاره‌کان، ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌کان و به‌رپرس و موختاری ناوچه‌کان له‌ ته‌واوی پارێزگاکانی تورکیادا.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا زۆرینه‌ی پارته‌ کوردییه‌کانی تورکیا (پارتی دیموکراتی گه‌لان- هه‌ده‌په‌)یان کردوووه‌ته‌ نوێنه‌ری خۆیان و ده‌خوازن له ڕێگه‌ی هه‌ده‌په‌وه‌ زۆرترین شاره‌وانییه‌کان به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌و ناوچانه‌ش که‌ قه‌یوومه‌کان ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتوووه‌، شه‌رعییه‌تی هه‌ڵبژاردنی بۆ بگێڕنه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52815

Your Comment

You are replying to: .
captcha