کوردپرێس:
سۆران عومەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای وتووە: سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵببژێردرێت تا نووسینەوەی دەستور ئەمە بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەوانیش (بزووتنەوەی گۆڕان) "قەناعەتیان بەوە هێناوە سەرۆكی هەرێم بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە لەپەرلەمان هەڵبژێرێت تا ئەوكاتەی دەستوور دەنووسنەوە ئەوكاتە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەدەستوور یەكلایی بكەنەوە".
ناوبراو جەختی لەوە كردەوە سیستمی حكومڕانی هیچ گۆڕانكاریی لەگەڵ پێشوو بەسەر نایەت ئەو كاتەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو لەو ڕووەوە وتی: جیاوازیی ئەم جارە لەگەڵ پێشوو ئەوە دەبێت تەنیا یەك بڕگە بۆ یاساكە زیادكراوە ئەویش ئەوەیە، كە سەرۆكی هەرێم لەبەردەم پەرلەمان بەرپرس دەبێت، بەڵام هەموو دەسەڵاتەكانی وەك سەرۆكی پێشووی هەرێم دەبێت.
هەروەها دەڵێت: ئێمە ئەوكاتە و ئێستاش وتوومانە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە دابڕاو نییە لە دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، سیستمی پەرلەمانی بەتەنیا بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە نایەتەدی، بەڵكو ئەوكاتە دێتە دی، كە دەستكاری دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بكرێتو تەشریفاتی بمێنێتەوە هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراق زیاتر بێت،
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ڕەتیكردەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەسكەوت و داخوازی لایەنێكی تر بێت و پارتی قبوڵی كردبێت لەو ڕووەوە وتی: "من كێشەم نییە گۆڕان بەدەسكەوتی خۆی دەزانێت یا پارتی، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە ئەگەر پارتی خۆی "قەناعەت"ی نەبوایە، كە لەم كاتەدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە ناكرێت بۆیە لەناو پەرلەمانەوە ڕازی بووە ئەوا بەهیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ هیچ لایەنێكدا ئەوەی قبوڵ نەدەكرد، بۆیە ئەوە پەیوەندی بە گۆڕانكاری پۆستەكانی ناو پارتی خۆیەتی كەكاتی خۆی پارتی ئەو پێداگریەی لەبەر كاك مەسعوود دەكرد كە سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت بەڵام ئێستا پێداگریەكەی بۆ كاك نێچیرڤان بەم جۆرەیە بۆیە بەهیچ جۆرێك ئەمە پەیوەندیی بەڕێككەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێك نیە بەڵكوو پەیوەندیی بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ناوخۆی پارتی خۆیەتی."
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment